نەعیم قاسم: پڕۆژەی لەناوبردنی حزبوڵڵا شکستی هێنا
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، هۆشداریی توند دەدات لەو دۆخەی وڵاتەکەی پێیدا تێپەڕ دەبێت و رایدەگەیەنێت، لوبنان ئێستا لەبەردەم مەترسیدارترین قۆناخی مێژوویی خۆیدایە ورایگەیاند، پڕۆژەی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حزبوڵڵا بە تەواوی شکستی هێنا.
هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان،لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی رووبەڕووی "گەورەترین پیلانی هاوبەشی ئەمریکی، ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی" بووەتەوە، کە بە گوتەی ئەو، ئەم پیلانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر داهاتووی وڵات و نەوەکانی داهاتووی لوبنان.
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پیلانە "ریشەکێشکردنی بەرگری و لەناوبردنی بنکە جەماوەرییەکەی" بووە. گوتیشی: "دوژمنان سەرەتا لە رێگەی جەنگێکی تاوانکارانە و کوشتنی خەڵکی مەدەنی ویستیان بەرگری چۆک دابدەن، پاشان لە رێگەی گەمارۆی ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەوە هەوڵی بڕینی هاوکارییە سەربازییەکانیان دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەعیم قاسم سەرنجی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رۆڵی سووریا، و ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بینییان هاوکێشە هەرێمییەکان بەهۆی پێشهاتەکانی سووریاوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، هەستان بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوانەی واشنتن و تەلئەڤیڤ بە مەبەستی تێکدانی هاوسەنگیی هێز و گۆڕینی دۆخەکە بووە بە قازانجی خۆیان، تا بتوانن فشارەکان بۆ سەر لوبنان و بەرگری چڕتر بکەنەوە.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ڕابەرایەتی ژووری شەڕ و فیتنە مەزهەبییەکانی کردووە. ئەوەشی خستەڕوو کە دوژمنان هەوڵیان داوە سوپا دژی بەرگری هان بدەن و فیتنە لە نێوان پێکهاتەکان (شیعە، سوننە و مەسیحی) دروست بکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دژی حزبوڵڵا ڕاپەڕێنن، بەڵام "هۆشیاریی گەل و فەرماندەیی سوپا" ئەو پلانانەی پووچەڵ کردەوە.
دووپاتی کردەوە پڕۆژەی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حزبوڵڵا بە تەواوی هەرەسی هێناوە و ئامانجی کۆتایی ئەوان دەرپەڕاندنی یەکجاریی داگیرکەرانە لە دوایین بستی خاکی لوبنان.