واشنتن پۆست: ناتانیاهۆ خەریکی پەکخستنی رێککەوتنی واشنتن و تارانە

ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندیان داوەتە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی فشارە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە، هەنگاو بەرەو پەکخستنی ئەو رێککەوتنی ئاشتییە دەنێت کە ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا جێگیری بکات.

هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حزبوڵڵا، ئەمەش پێشێلکردنی بنەمایەکی سەرەکیی ئەو رێککەوتنەیە کە داوای راگرتنی جەنگ دەکات. رۆژی هەینی، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی توندی کردە سەر باشووری لوبنان لە وەڵامی کوژرانی 4 سەربازی، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بڕیاریان دا ئەو گفتوگۆیانەی بڕیار بوو لە سویسرا ئەنجام بدرێن، دوا بخرێن. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیار بوو سەرۆکایەتی شاندەکە بکات، گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە.

راپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ناتانیاهۆ "مانەوەی سیاسی خۆی" بەستووەتەوە بە بەردەوامیی جەنگ لە لوبنان. لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لەم پاییزەدا ئەنجام دەدرێن، ناتانیاهۆ ناتوانێت هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە، چونکە 70%ی جووەکانی ئیسرائیل لایەنگری توندکردنەوەی شەڕن و کشانەوە بە "شکست" دەبینن.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە فەرەنسا دانی بەوەدا نا کە "کێشەیەکی بچووک"یان لەسەر لوبنان لەگەڵ ناتانیاهۆ هەیە و داوای لێکردووە کە "هەر کەسێکی حزبوڵڵای بینی، بینایەک نەڕوخێنێت."

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کابینەکەی ناتانیاهۆ کرد و رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکی جیهانە کە ئێستا هاوسۆزی ئیسرائیل بێت، ئەگەر من لەناو حکوومەتی ئیسرائیل بوومایە، هێرشم نەدەکردە سەر تاکە هاوپەیمانە بەهێزەکەم کە لە هەموو جیهاندا بۆم ماوەتەوە."

بەپێی راپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 200 میل چوارگۆشەی خاکی لوبنانی داگیر کردووە و ملیۆنێک کەسی ئاوارە کردووە. لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا زیاتر لە 3000 کەس لە لوبنان کوژراون

هاریزن مان، شرۆڤەکاری پێشووی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکا (DIA)، دەڵێت ترەمپ چەندین کارتی فشاری بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ ناچارکردنی ناتانیاهۆ، لەوانە، بڕینی پارچەی یەدەگ و سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکان، راگرتنی هاوکارییە داراییەکان و گەرەنتی قەرزەکان و وەستاندنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان و پاراستنی ئاسمانی ئیسرائیل.