مێرتز: ئۆکرانیا ناتوانێت ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا بەهۆی ئەوەی لە دۆخی ململانێ و جەنگدایە، ناتوانێت لە ئێستادا ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت وەک ئەندامێکی هاوبەش وەربگیرێت و لە داهاتووشدا ببێتە ئەندامێکی تەواو.
هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، فرێدریش مێرتز راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشنیازی کردبوو پلەی ئەندامی هاوبەش بدرێتە ئۆکرانیا، ئەمەش رێگەی پێدەدات بەشداری لە کارەکانی دامەزراوەکانی یەکێتییەکەدا بکات بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.
بەگوێرەی بیرۆکەکەی مێرتز، لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئەم پێگەیە، نوێنەرانی ئۆکرانیا دەتوانن لە هەموو دەستە سەرەکییەکانی وەک کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، پەرلەمان و دادگای یەکێتی ئەوروپا ئامادە بن، بەڵام بۆیان نابێت دەنگ بدەن.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە، ئەمە نابێتە جێگرەوەی پرۆسەی بوونە ئەندامی تەواوەتی، بەڵکو یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، هەروەها گوتیشی، پێدانی ئەم پێگەیە بە ئۆکرانیا پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندام نییە، بە پێچەوانەی رێکارەکانی بوونە ئەندامی تەواو.
پێشتریش مێرتز ئاماژەی بەوە کردبوو، ئۆکرانیا ناچار دەبێت سازش لەسەر بەشێک لە خاکەکەی بکات بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتنی ئاشتی و رێگەی بۆ خۆش ببێت بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا.