زاهیر جەلال: شیعری "نەورۆز" بەسە بۆ ئەوەی ناوی پیرەمێرد هەمیشە بە بەرزی بمێنێتەوە

لەلایەن کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان، بە هاوکاریی رێکخراوی CDO، یادی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد، لە سەرای سلێمانی بە مۆسیقا و شیعر بەرز رادەگیرێت.

زاهیر جەلال، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، " شیعری "نەورۆز" بەسە زۆ ئەوەی ناوی پیرەمێرد هەمیشە بە بەرزی زمێنێتەوە، چونکە لەو شیعرەدا تەنیا جوانیی زمان نییە، بەڵکو هەست، شانازی، هیوای ژیان و رۆحی کوردایەتی هەیە، بۆیە ئەو بەرهەمە پیشانی دەدات شاعیر چۆن دەتوانێت لە چەند وشەیەکدا هەستی گەلێک کۆبکاتەوە."

ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، زاهیر جەلال، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆدەکاتەوە تەنیا رێزلێنان لە ناوێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو رێزلێنانە لە قۆناغێک لە مێژووی رۆشنبیری و هۆشیاریی کوردی. هەروەها کەسایەتییەکی گەورەی وەک پیرەمێرد لە تێپەڕبوونی کاتدا نابێتە تەنیا بەشێک لە مێژوو، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەردەوامبوونی بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی هونەری و ئەدەبی."

زاهیر جەلال گوتیشی، "پیرەمێرد بۆ من و زۆرێک لە هونەرمەندان تەنیا ناوی شاعیرێک نییە؛ ئەو هێمای قسەکردنە بە زمانی خۆمان، هێمای پاراستنی ناسنامە و هێمای ئەو باوەڕەیە کە هونەر دەتوانێت گەلێک بەهێز بکات. هەر بۆیە، بەشداربوون لەم یادەدا بۆ من شتێک زیاترە لە گۆرانی وتن، بەڵکو هەستکردنە بە بەرپرسیارێتییەکی کولتووری."

زاهیر جەلال باس لە هونەرمەندانی بەشداربووی ئەو یادە مەزنە دەکات و دەڵێت، "لە یادی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد، لەگەڵ هونەرمەندانی وەکو ئازاد مەحموود و وەستا جەلیل و ژمارەیەک موزیکژەنی بەتوانا، هەموومان بەیەکەوە ئەو یادە بە شێوەیەکی شایستە بەرێوەدەبەین، هەروەها ئەو هاوبەشبوونە پەیامێکی گرنگی هەیە؛ چونکە کاتێک هونەرمەندان لە جۆرە جیاوازەکانی هونەر یەکدەگرن، کولتوور بەهێزتر دەبێت و کاریگەرییەکەی زیاتر دەگاتە خەڵک."

زاهیر جەلال ئەوەشی گوت، "لە کۆمەڵگەی کوردیدا، زۆر جار شیعر لە پێش هەموو شتێک دەنگی خەڵک بووە. کاتێک رۆژگار سەخت بووە، شیعر مانای هیوای داوە؛ کاتێک خەڵک پێویستیان بە دەربڕین هەبووە، شیعر دەنگی ئەوان بووە. بۆیە پیرەمێرد یەکێک بوو لەو دەنگانەی کە وشەکانی هێزیان هەبوو بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوەیی."

ئەو هونەرمەندە لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان مۆسیقا و شیعر دەکات و دەڵێت، "ئەگەر شیعر وشەی دڵ بێت، مۆسیقا دەنگی ئەو دڵەیە. بۆیە ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین بە دەنگ و گۆرانی، وشەکانی پیرەمێرد دووبارە لەناو هەستی خەڵکدا بژین. ئێمە باوەڕمان وایە هەر وشەیەکی شاعیرێکی گەورە کاتێک بە هونەر بگاتە خەڵک، کاریگەرییەکی نوێ دروست دەکات."

زاهیر جەلال باسی لەوەش کرد، "من هەمیشە پێم وایە شیعری "نەورۆز"، بە تەنیا دەتوانێت ناوی پیرەمێرد بەرز رابگرێت، چونکە لەو شیعرەدا تەنیا جوانیی زمان نییە، بەڵکو هەست، شانازی، هیوای ژیان و رۆحی کوردایەتی هەیە. ئەو بەرهەمە پیشانی دەدات شاعیر چۆن دەتوانێت لە چەند وشەیەکدا هەستی گەلێک کۆبکاتەوە."

زاهیر جەلال ئەوەشی خستەروو، "تا کاتێک دەنگ هەبێت و شیعر بخوێندرێتەوە، ناوی پیرەمێرد هەروا زیندوو دەمێنێتەوە. ئێمەش وەک هونەرمەند، بە رێز و خۆشەویستی، یادی ئەو شاعیرە گەورەیە بەرز رادەگرین و هەوڵ دەدەین ئەو میراتە بگەیەنین بە هەموو نەوەکان."

پیرەمێرد، شاعیری گەورەی کورد، ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمزاغای مەسرەفە، نووسەر و رۆژنامەوانێکی دیار و گرنگی کورد بوو. لەساڵی 1867 لە شاری سلێمانی لەدایک بوو و لە لاویدا لەوێدا دەستی بە خوێندنی زانستە ئایینییەکان کرد.
لە ژیانی خۆیدا، وەک چەندین شاعیر و زانای کوردی وەک حاجی قادری کۆیی، نالی، مەحوی، مەولەوی و زێوەر، گەشتێکی فراوانی بۆ مزگەوت و شارەکان کردووە. لە زۆربەی شوێنەکانی سلێمانی ماوەتەوە و پاشان رووی کردە بانەی  رۆژھەڵاتی کوردستان. هەروەها لە ساڵی 1898 شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید بردنیان بۆ ئەستەمبوڵ، کە یەکێک بوو لە خاڵە گرنگەکانی ژیانی.
پیرەمێرد جگە لە شاعیری و رۆژنامەوانی، گرنگییەکی تایبەتی بە نەورۆز دەدا. نەورۆز بۆی تەنیا ئاھەنگێکی ساڵانە نەبوو، بەڵکو وەک نیشانەی ژیانەوە، نوێبوونەوەی سروشت و هیوای رزگاری گەل دەبینرا. لە هۆنراوەکانیدا نەورۆز بووە بە رەمزی گەشە و شۆڕش.
هەروەها کۆمەڵێک وەرگێڕانی شیعریشی ئەنجام داوە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پێشخستنی ئەدەبی سۆرانی هەبووە. بە بەردەوامی لە یادەکانی نەورۆز بەشداری کردووە، و نەورۆزی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەیەکی تایبەت جێگیر کردووە.
پیرەمێرد لە 19ی حوزەیرانی 1950 کۆچی دوایی کردووە.