عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە زیاتر لە 37 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، عێراق لە دوای داخستنی گەرووی هورمزەوە نزیکەی 350 ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتی خاوی لەدەستداوە، کە بەهاکەی بە نزیکەی 37.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عێراق پێش داخستنی گەرووی هورمز لە 28ـی شوباتدا، مانگانە بڕی 103 بۆ 107 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەکرد، بەڵام دوای داخستنی گەرووەکە بەهۆی ئاڵۆزی و جەنگی ناوچەکەوە، ئاستی هەناردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و زیانەکان بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکران،
مانگی ئادار، 84,395,049 بەرمیل
مانگی نیسان، 93,115,870 بەرمیل
مانگی ئایار، 92,801,000 بەرمیل
مانگی حوزەیران، نزیکەی 79,600,000 بەرمیل
ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی گشتی زیانەکان نزیکەی 350 ملیۆن بەرمیل نەوتە و بەپێی تێکڕای نرخی نەوت لەو ماوەیەدا بە بەهای 37.7 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری وڵات گەیشتووە.
رڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئەوەشی راگەیاندووە، پڕۆژەی "شامی نوێ" لە ئێستا پێویستییەکی نیشتمانی و ستراتیژییە بۆ پاراستنی سەقامگیری هەناردەی نەوت و کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەسەر رێگا دەریاییەکان.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا بە گرنگ و چارەنووسساز وەەسف دەکرێت کە ئابووری عێراق بە رێژەی نزیکەی 90% بە تەواوی پشتبەستووە بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، تاران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە بازرگانییەکانی داخست، بەمەش گورزێکی گەورەی لە ئابووری جیهان و بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەی نرخی نەوت و گاز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.