عێراقییەکان لە پلەی پێنجەمی کڕیارانی خانووبەرەی تورکیا دێن
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، کە ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، بڵاوکراوەتەوە، دەریانخستووە لەمانگی ئایاری رابردوو عێراقییەکان لە کڕینی خانوو لە تورکیا ریزبەندی پێنجەمیان گرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە چاو هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا.
دەستەی ئاماری تورکیا لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، کۆی گشتی فرۆشتنی خانوو بۆ بیانییەکان لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە 1387 کەس، کە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2025 بە رێژەی 27% کەمیکردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا فرۆشی خانوو بە بیانییەکان بە کۆی گشتی 18 هەزار و 768 خانوو بووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 15.1% کەمیکردووە.
بەگوێرەی داتاکان، لەمانگی ئایاردا هاووڵاتیانی رووسیا لە پێشەنگی لیستی کڕیاران دێن، کە 268 خانوویان لە تورکیا کڕیوە، لە دوای ئەوانیش ئێرانییەکان بە 125 خانوو پلەی دووەمیان گرتووە، ئۆکراینیەکان بە 88 خانوو و ئەڵمانییەکان بە 73 خانوو لە پلەکانی سێیەم و چوارەم دێن، هەروەها عێراقییەکان بە 66 خانوو لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدا هاتوون، ئازەربایجانییەکان لە پلەی شەشەمدا هاتوون، هکە تەنیا 66 خانوویان کڕیوە.
لەسەر ئاستی گشتی بازاڕی خانووبەرە، کۆی فرۆشی خانوو لە تورکیا لە ماوەی مانگی ئایاردا بە رێژەی 31.2% کەمیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو و گەیشتووەتە 93 هەزار و 333 خانوو، کە 30 هەزار و 196 خانووی نوێ و 63 هەزار و 137 خانووی بەکارهێنراوی لەخۆگرتووە.