پارێزگاری بەغدا: سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بنیاتنانی عێراقی نوێ
ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، "لە دیدارەكەدا پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانیان كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی و رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانیان لەو خەباتە دوورودرێژە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی سەقامگیری و تەبایی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و رۆڵیان لە بنیاتنانی عێراقی نوێ بەرز نرخاند".
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر تێكۆشان و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا و هەروەها ئاشتەوایی و كولتووری لێبوردن و تەبایی بە بنەمای سەرەكیی بۆ پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەقەڵەم دا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە گەشەپێدان و هەوڵەكان لەپێناو باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵوگۆڕ كرا".
هەروەها سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەستنی كۆنفڕانسی پارێزگارانی عێراق لە شاری هەولێر دووپات كردەوە كە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیار كراوە و بە هەنگاوێكی گرنگ و ئیجابی وەسفكرد.