قالیباف: خوا بکات شەرمەزاری شەهیدان و گەلی ئێران نەبم
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا، دوای گەیشتنی بە سویسرا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، قوتابییە کوژراوەکانی قوتابخانەی میناب و سەرجەم کوژراوانی دیکەی ئێران بە چاودێریکاری خۆی دەزانێت و ئومێد دەخوازێت لە دانوستاندا سەرکەوتوو بێت و شەرمەزاری گەلی ئێران نەبێت.
یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە دوای گەیشتنی بە سویسرا و دابەزینی لە فڕۆکەخانەی زیوریخ وێنەیەکی لە پاڵ ئەو فڕۆکەیەدا گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، کە لەگەڵ شاندی یاوەری گەشتەکەیان پێکردووە و لەسەر فڕۆکەکە بە زمانی ئینگلیزی "هاشتاگی میناب 168" و بە زمانی فارسیش "بە یادی منداڵانی قوتابخانەی میناب" نووسراوە، خۆشی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە.
قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "منداڵە ستەملێکراوەکانی میناب و سەرجەم شەهیدانی ئێرانی ئازیز بە بەردەوامی، بە چاودێریکاری کردار و رەفتارەکانی خۆمیان دەزانم".
دەشڵێت "خوا بکات شەرمەزاری شەهیدان و گەلی ئێران نەبم و بەرووی سپیەوە بگەمە کۆڕی هاوڕێکانم، کە بۆ دیداریان کات دەژمێرم".
شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان
بڕیارە ئەمڕۆ لە گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کۆمەڵگەی گەشتیاریی بورگنستۆک لە سویسرا بەڕێوەبچێت، کە کۆمەڵگەکە مێژوویەکی لە میوانداری دانوستانە هەستیارە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
بورگنستۆک دەکەوێتە قەراخ دەریاچەی لۆسێرن لە هەرێمی نیدڤاڵدن لە سویسرا و لە رووی جوگرافییەوە تاڕادەیەک لە شارە گەورەکان دابڕاوە، شوێنەکە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی نیشتەجێبوون و پارێزراوی لە رووی ئەمنییەوە، وایکردووە یەکێک بێت لە گونجاوترین شوێنەکان بۆ دانوستانە هەستیارەکان.
پێشتر لە 2002دا، ئەم کۆمەڵگەیە میوانداری دانوستانەکانی ئاشتی سوودان، لە 2004دا، دانوستانەکانی قوبرس، هەروەها لە حوزەیرانی 2024 لووتکەی ئاشتی ئۆکرانیا کردووە.
هەروەها یەکەم هۆتێلی کۆمەڵگەکە لە ساڵی 1873 کراوەتەوە و دواتر میوانداری کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سینەمایی کردووە.