ئێران و ئەمریکا سەرەتا لە بارەی لوبنان دانووستان دەکەن

کەناڵی سی بی ئێس نیوز بڵاویکردەوە، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی پرسی لوبنان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاویکردەوە، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بەنیازن لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەدا پرسی حزبوڵڵا و ئیسرائیل تاوتوێ بکەن، سەرچاوە باسی لەوەکردووە، یەکەم دیداری ئەم دوو شاندە تایبەت دەبێت بەم پرسە.

سی بی ئێس نیوز ئاشکرای کردووە، نە ئیسرائیل و نە حزبوڵڵا و نە حکوومەتی لوبنان لە دانوستانەکانی سویسرادا ئامادە نین، هەروەها رازی بوونی واشنتن و تاوتوێکردنی پرسی ناکۆکی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە دانوستانەکاندا، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی ئەمریکا.

درەنگانی شەوی رابردوو شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف و بە یاوەری عەباس عێراقچی گەیشتنە شاری زیوریخی سویسرا.

هەروەها شاندی ئەمریکا کە پێکهاتوون لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس و جێرد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، لە دوێنێ شەممەوە گەیشتنوونەتە سویسرا، ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە پرسی لوبنان وروژێندراوە لە کاتێکدا بڕیار بوو دانوستانەکانی سویسرا هەینی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی.

ئێوارەی رۆژی شەممە، بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەرووی هورمزیان داخست، ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بێت، هەنگاوی زیاتر دەگرنەبەر.

هەروەها بەرپرسێکی ئێرانییش رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی لە لوبنان نابێت.

دوای هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر باشووری لوبنان، بەرپرسانی ئیسرائیل راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە باشووری لوبنان راگەیاند، کەناڵ 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ و کاتز فەرمانیان بە سوپا داوە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری لوبنان بوەستێنێت بەبێ ئەوەی لەو شوێنانەی داگیریان کردووە، بکشێتەوە.