پزیشکیان: بە دەستپێکردنەوەی دانوستان 6 ملیار دۆلاری بلۆککراو ئازاد دەکرێت

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران جەخت دەکاتەوە، ئەگەر پێویست بکات بە نووسراویش دڵنیایی دەدەن لەوەی وڵاتەکەی هەرگیز نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم و دەشڵێت "بەشداربوونی سەرۆکی بانکیی ناوەندی ئێران لە دانوستانەکانی سویسرا، پەیوەستە بە ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، لە 33ـەمین کۆنفرانسی سیاسەتی دارایی و بانکی لە تەلاری بانکی ناوەندی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەندەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر لە بەرژەوەندیی گەلی ئێراندایە؛ گوتیشی "ئەمریکا بەدوای ئەوەوەیە کە ئێمە نەبینە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمە هەمان ئەو بابەتەیە کە رێبەری باڵا ساڵانێکە جەختی لێکردووەتەوە کە ئێران نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، گوتیشی، ئێمە چەندینجار ئەمەمان راگەیاندووە و بابەتێکی نوێ نییە، ئەگەر پێویست بکات ئەم بابەتە بە شێوەی نووسراویش پێشکەش بکرێت، دەینووسین کە نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆممان نییە."

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم ماوە کورتەدا توانیمان هەنگاوێکی گەورە بنێین و بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستانەکان لە ئەمڕۆوە، 6 ملیار دۆلاری بلۆککراو لە قەتەر ئازاد دەکرێت و بەشداربوونی سەرۆکی بانکی ناوەندیش لە دانوستانەکاندا بۆ ئەوەیە، باس بکرێتە ئەو پارەیە لە چی و بۆچ بوارێک خەرج دەکرێت".

هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە سویسران بۆ دانوستان و واژۆکردنی ئەو یاداشتە لێکگەیشتنەی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئیمزا کرا.