ترەمپ: 20%ی نەوتی گەرووی هورمزمان دەوێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن رەنگە ببێتە فریشتەی پارێزەر بۆ گەرووی هورمز، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت 20%ی ئەو نەوتەی بەوێدا تێدەپەڕێت بۆ ئەمریکا بێت.

یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەسەپێنن و ئەگەر پێویستیش بکات، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووەکە دەکەن، هەروەها هۆشدارییەکی توندی دایە ئێرانییەکان و گوتی: "ئەگەر گەرووی هورمز دابخەن، چیتر وڵاتێکتان نابێت و دانوستانکارەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، حەماس لە ئێستادا لە غەززە کێشەی زۆر دروست ناکات و دەبێت تەواوی سەرنجەکان لەسەر رێککەوتن بێت لەگەڵ ئێران، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر تاران دەستبەجێ حزبوڵڵا لە دروستکردنی کێشە لە لوبنان رانەگرێت، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت بە توندی هێرش بکاتە سەر ئێران.

ترەمپ جەختی لە سەرکەوتنی سیاسەتەکانی کردەوە و گوتی: "ئێمە دەستکەوتی گەورەمان لە کەرتی کار و بازاڕی پشکەکاندا بەدەستهێناوە، خاوەنی باشترین ئابووری و بەهێزترین سوپای جیهانین و لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتنی بێوێنەمان تۆمار کردووە".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، گفتوگۆی راستەوخۆ لە سویسرا لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان دەستیپێکردووە.

لای خۆیەوە جی دی ڤانس رایگەیاند، ئەم دانوستانانە بۆ گەیشتنە بە "رێککەوتنێکی نوێ" کە ئامانجی گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، پرسی راگرتنی شەڕ لە لوبنان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران، لە کارنامەی سەرەکی کۆبوونەوەکاندان.