پزشکیان: دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمدا پاشەکشە ناکات و ئەو بابەتە بە مافێکی رەوای خۆیان دەزانێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە پیتاندنی یۆرانیۆم پاشەکشە ناکەین بە مافی خۆمان دەزانین".
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی رەوا و دانەبڕاوی وڵاتەکەیەتی و گوتیشی "لایەنی بەرامبەر لە گفتوگۆ و هاوکێشەکاندا ناچار دەبێت ئەو راستییە قبووڵ بکات."
ئەم لێدوانانەی پزشکیان لە کاتێکدایە، کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران یەکێکە لە تەوەره هەرە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن.
لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەسەپێنن و ئەگەر پێویستیش بکات، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووەکە دەکەن، هەروەها هۆشدارییەکی توندی دایە ئێرانییەکان و گوتی: "ئەگەر گەرووی هورمز دابخەن، چیتر وڵاتێکتان نابێت و دانوستانکارەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".