دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: ئێران رێککەوتن رەتبکاتەوە بە هێز وەڵامی دەدەینەوە
مایک واڵتز، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە دانوستانەکانی سویسرا رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای متمانە نابێت، بەڵکو بە تەواوی لەسەر بنەمای پشتڕاستکردنەوە دەبێت.
یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، مایک واڵتز، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تاران پێش ئەوەی هیچ شایستەیەک بەدەستبهێنێت، پابەند بێت بە مەرجەکانی رێککەوتنەکە، هەروەها گوتیشی: "ئەگەر ئێران رەتی بکاتەوە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، ئەوا هەڕەشەی جددی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەگەڵدا دەبێت".
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە روونی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرنجێکی زۆری خستووەتە سەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەوان دەزانن بەرپرسانی ئێران مرۆڤی باش نین، بەڵام لە کۆتاییدا ئیدارەکە مامەڵەیەکی کرداری پەیڕەو دەکات".
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی "تروث سۆشیاڵ" هۆشداری توندی دایە تاران و نووسیویەتی: "پێویستە ئێران دەستبەجێ بریکارەکانی لە لوبنان رابگرێت، ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا جارێکی دیکە بە هێزێکی زۆر گەورەتر لە هەفتەی رابردوو هێرش دەکەینە سەر ئێران".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە لە کەنارەکانی دەریاچەی لۆسێرن لە سویسرا، گفتوگۆی نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان دەستیپێکرد.