لە هەولێر بەم نزیکانە قۆناخێکی دیکەی زەوی دابەش دەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، نوێترین زانیاری لەبارەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان و زەوی فەرمانبەران دەدرکێنێت، ئاشکراشیکرد، بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی قۆناخێکی نوێی زەویی فەرمانبەران دەکرێت. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند؛ بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان خراوەتە پێشینەی کارەکان. قۆناخی یەکەمی مامەڵەکان رەوانەی فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە کراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا هاووڵاتییان دەتوانن وێنەی تۆماری (سەنەد) زەوییەکانیان وەربگرنەوە.

سەبارەت بە زەوی فەرمانبەران، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی کرد، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە گشتی 162 هەزار پارچە زەوی هەبووە و تا ئێستا نزیکەی 60 بۆ 70 هەزار کارت کراونەتە سەنەد.

تایبەت بە زەوی فەرمانبەرانیش، کارزان هادی گوتی  "82 هەزار پارچە زەوی تەرخانکراوە، تا ئێستا 42 هەزاری دابەشکراوە و 40 هەزار پارچە زەوی ماوەتەوە و ئەو زەویانەشی دابەشکراون، رێکارەکانی تاپۆکردنیان بەردەوامە. 

سەرۆکی شارەوانی روونیکردەوە، کاتێک وێنەی تۆمار (سەنەد) بۆ زەوییەکان دەرچوو، هاوشێوەی گەڕەکەکانی دیکە رێپێدانیان پێدەدرێت بۆ دروستکردنی خانوو.

باسی لەوەشکرد، پلانیان هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو شوێنانە. دووپاتیشیکردەوە، ئەو کەسانەی مافی رەفتارکردن یان گرێبەستی کشتوکاڵیان هەبووە لەسەر ئەو زەوییانەی بە زەوی نیشتەجێبوون دابەشکراون، هەر لە زەوییە جیاکراوەکانی سنووری خۆی پارچە زەویان بۆ ئامادەکراوە و بە قەرەبوو پێیاندەدرێت و مافەکانیان پارێزراوە.

سەبارەت بە دابەشکردنی قۆناخێکی نوێی زەوی لە سنووری هەولێر، کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان و دەیانەوێت هەموو کارەکان تەواو بێت، ئینجا بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی دابەشکردن بکەنەوە.