قائانی: بە شەق ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەردەکەین
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا هەڕەشەی لە سوپای ئیسرائیل کرد و دەڵێت "بە شەق دەرتان دەکەین".
قائانی جیا لە زمانی فارسی، پەیامەکەی بە زمانەکانی عەرەبی، عیبری و ئینگلیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "ئەگەر ئیسرائیلی داگیرکار بە پێیەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان نەکشێنەوە، بە سەرشۆڕی و تێکشکان، بە شەق دەریان دەکەین".
هەروەها نووسیویەتی "ئەگەر پێداگری لەسەر شەڕانگێزی و داگیرکاری بکەیتەوە، بە زەلیل و شکست دەردەکرێیت".
هەڕەشەکەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی حکوومەتی لوبنان، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 100 هاووڵاتیی لوبنانی کوژراون.
هەروەها دوێنی یەکشەممە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەرێوەچوو، کە یەکەم بابەتی دانوستانەکە لەسەر پرسی لوبنان و کشانەوەی ئیسرائیل بوو لە باشووری وڵاتەکە. چونکە پرسی لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە یاداشتیی لێکگەیشتنەکەی نێوان تاران و واشنتن.