چین ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی سزادا

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، چین سزادانی 10 کۆمپانیای ئەمریکی پەیوەندیدار بە کاروباری سەربازی راگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا کە تێیدا رێگری لە چەند کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای چینی گرتبوو گرێبەستی بەرگری لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ بکەن.

وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، کۆمپانیا چینییەکان قەدەخەیان بەسەردا دەسەپێنرێت لە هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە دوو بەکارهێنانیان هەیە (واتە هەم بۆ بواری سەربازی و هەم بۆ بواری مەدەنی بەکاردێن) بۆ ئەو 10 کۆمپانیا ئەمریکییە، ئەم کۆمپانیایانەش پێکهاتوون لە بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی و چەند کۆمپانیایەکی تر کە لە بواری دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکاندا کاردەکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارەی قەدەخەکردنی هەناردەکردنە هەم بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی چینە، هەم وەڵامێکیشە بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێن فراوانکردنی ناڕەوای لیستی کۆمپانیا سەربازییە چینییەکان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی چین رایگەیاند، دامەزراوە حکوومییەکانی وڵاتەکەی قەدەخەیان بەسەردا دەسەپێنرێت لە کڕینی بەرهەمەکانی 46 کۆمپانیای ئەمریکی، کە چەندین لقی کۆمپانیا گەورەکانی وەک (Lockheed Martin) و (Raytheon) و (General Dynamics) لەخۆدەگرێت، هەروەها وەزارەتەکە هیچ هۆکارێکی بۆ ئەم قەدەخەکردنە نەخستۆتەڕوو.

سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، چەند کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای چینی، لەوانە "عەلی بابا" و "بایدو"ی خستە ناو لیستی ئەو کۆمپانیایانەی کە دەڵێت پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەیە، کۆمپانیای "بایدو" رایگەیاند، ئەو تۆمەتەی ئاراستەیان کراوە بەتەواوی بێبنەمایە، ئەم دەستنیشانکردنەش رێگری لەو کۆمپانیا چینییانە دەکات کە گرێبەستی سەربازی لەگەڵ ئەمریکادا بکەن.

وەزارەتی بازرگانیی چین لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە سزاکانی ئەمریکا دژبەیەک دێنەوە لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان شی جین پینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین لە مانگی ئایاردا هاتبووە ئاراوە.

وەزارەتی بازرگانی چین ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمپانیا یان کەسانی وڵاتانی سێیەم بۆیان نییە کەلوپەلی خاوەن دوو بەکارهێنان لە چینەوە بگوازنەوە بۆ کۆمپانیا سزادراوە ئەمریکییەکان، هاوکات راشیگەیاند، کۆمپانیا چینییەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەو کاڵایانەی کە پێویستن.

ئەو 10 کۆمپانیا ئەمریکییەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە:-

 AVEOX لە کالیفۆرنیا

Red Cat Holdings و Teal Drones لە یوتا

 IMSAR لە یوتا

 Jaia Robotics  لە رۆد ئایلاند

Ball Aerospace & Technologies لە کۆلۆرادۆ

Oshkosh Defense لە ویسکۆنسێن

L3Harris Maritime Services لە ڤێرجینیا

 MP Materials لە لاس ڤێگاس

 USA Rare Earth لە ئۆکلاهۆما