زۆرینەی ئیسرائیلییەکان ئێران بە براوەی جەنگەکە دەزانن
بە گوێرەی راپرسییەک، زۆربەی ئیسرائیلییەکان پێیانوایە ئێران وەک براوەی جەنگی ئەم دواییە دەرچووە و تەلئەڤیڤ ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە.
بەپێی دەرئەنجامی راپرسییەکی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، کە رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیران، بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی 88%ی ئیسرائیلییەکان پێیانوایە تەلئەڤیڤ ئامانجەکانی خۆی بەتەواوی لە جەنگی دوایی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەدەست نەهێناوە.
هەروەها راپرسییەکە ئەوەش دەخاتەروو، زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پێیانوایە رۆڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵات لە کاتی جەنگی دژی ئێراندا شکستخواردوو یان خراپ بووە.
دەرئەنجامەکان ئەوەش نیشان دەدەن، نزیکەی 73%ی ئیسرائیلییەکان بانگەشەکانی ناتانیاهۆ دەربارەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە لە جەنگەکەدا بە درۆ دەخەنەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکە، نزیکەی 93%ی ئیسرائیلییەکان لەو باوەڕەدان ئێران وەک براوە و سەرکەوتوو لەو جەنگەی دواییدا دەرچووە، ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا هەڵیانگیرساندبوو.
دەرئەنجامەکان لە کاتێکدان، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، دەستیپێکرد و دواتر لە مانگی نیساندا ئاگربەست راگەیەنرا.
دوابەدوای ئەوەش، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێک و لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەمەش وای کردووە زۆربەی ئیسرائیلییەکان هەست بە مەترسی بکەن بۆ سەر ئاسایشی درێژخایەنی وڵاتەکەیان و رێککەوتنەکە بە سەرکەوتنی تاران لێک بدەنەوە. لە هەمان کاتدا، متمانە بە ناتانیاهۆ وەک سەرۆکوەزیران بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە.