شاندی دانوستانکاری ئێران دەگەڕێنەوە تاران
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالباف، ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026 سویسرایان بەرەو تاران جێهێشت، ئەمەش دوای نزیکەی 18 کاتژمێر گفتوگۆ و راوێژی چڕ لەگەڵ ئەمریکا، بە ناوبژیوانی پاکستان و قەتەر دێت.
لەم گەڕەی دانوستانەکان شاندی ئێران بەشدارییان لە دیدارە دووقۆڵی و چوارقۆڵییەکان لەگەڵ شاندی ئەمریکا و ناوبژیوانانی پاکستان و قەتەر کرد، هه ڵوێستی تارانیان له بارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن و مەرجەکانی پێویست بۆ گواستنەوەی قۆناخی دانوستانی کۆتایی رێککەوتن خستەروو.
لە کۆتایی راوێژکارییەکاندا، قەتەر و پاکستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لایەنەکان لەسەر نەخشەڕێگایەکی 60 رۆژە گەیشتوونەتە رێککەوتن، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و تیمی تەکنیکی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، گفتوگۆ تەکنیکیەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە کۆمەڵگەی بۆرگنشتۆک لە سویسرا بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ئەو لێکگەیشتنانەی کە لەم گەڕەی دانوستانەکاندا گەیشتوونەتە ئەنجام.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە شاندی وڵاتەکەی هەڵوێست و دیدگاکانی خۆی "راشکاوانە و بە روونی” لە میانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیدا کە ئەمریکا و ناوبژیوانانی قەتەر و پاکستانی لەخۆگرتبوو، خستووەتەڕوو.
شەوی 20 لەسەر 21ـی حوزەیران، شاندی دانوستانکاری ئێران بەسەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتنە سویسرا، هەروەها پێشتر شاندی دانوستانکاری ئەمریکاش بەسەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سویسرا ئامادەبوون بۆ وژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان.