بەقایی: لە دانوستانەکان هیچ پابەندبوونێکی نوێی ئەتۆمیمان قبووڵ نەکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە لە دانوستانەکانی سویسرا لەگەڵ ئەمریکا هیچ باسێک لە دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە و تاران هیچ پابەندبوونێکی نوێی قبووڵ نەکردووە، بەوەش بانگەشەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای لەسەر رازیبوونی ئێران بۆ گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆمی رەتکردەوە.

دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاژانسی "ئیرنا" راگەیاند، هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانس نێودەوڵەتی ئەتۆم (IAEA) بەپێی رێکارە هەبووەکان دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانە 18 کاتژمێرییەکەی سویسرا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هیچ باسێک لە دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە و تاران هیچ پابەندبوونێکی نوێی قبووڵ نەکردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەشەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر جۆرە هاوکارییەک دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسای پەسەندکراوی پەرلەمانی ئێران و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

ئەم ڕوونکردنەوەیەی تاران دوای ئەوە هات کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سویسرا رایگەیاندبوو: "ئێرانییەکان رازی بوون پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ناو وڵاتەکەیان بانگهێشت بکەنەوە."

بەقایی روونی کردەوە کە دەستپێکردنی هەر جۆرە دانوستانێکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی "تێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی بڕگەی 13ی ئەو تێگەیشتننامەیە.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، پشکنینەکان بۆ سایتە چالاکەکان (وەک نیروگای بوشەهر) شتێکی نوێ نییە و لە ساڵی رابردوودا چەند جارێک ئەنجامدراون. بەڵام پشکنینی ئەو سایتانەی لە جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە یان یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراو، پێویستی بە گەیشتنە بە سازوکارێکی دیاریکراو لە رێککەوتنی کۆتایی دوای دانوستانە 60 رۆژییەکە هەیە.