ئاندی بورنەم وەک شوێنگرەوەی سەرەکیی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەردەکەوێت

دوای سەرکەوتنە گەورەکەی هەفتەی رابردووی لە هەڵبژاردنە لاوەکییەکاندا، ئاندی بورنەم، سیاسەتمەداری دێرینی پارتی کرێکاران، هەنگاوێکی تری بەرەو ماڵی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نا. چاودێران پێیان وایە ئەمجارەیان چانسی بورنەم بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیران لە هەموو کات زیاترە.

ئاندی بورنەم کە بە نوێنەری "باڵی چەپی میانڕەو" و سۆسیالیستێکی لایەنگری کەرتی بزنس دەناسرێت، ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، وەک ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد. ئەمە دوای ئەوە دێت کە بورنەم پێشتر دوو جار شکستی هێنابوو لە وەرگرتنی سەرۆکایەتی پارتەکەیدا لە ساڵانی 2010 و 2015، بەڵام ئێستا وەک جێگرەوەی سەرەکی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەردەکەوێت.

بورنەم کە تەمەنی 56 ساڵە، لە مێژووی سیاسیدا پۆستی وزاری لە کابینەکانی تۆنی بڵێر و گۆردۆن بڕاونی هەبووە. لە ساڵی 2017 پەرلەمانی جێهێشت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی شارەوانی مانچستەر، لەوێدا بەهۆی بەرگریکردنی سەرسەختانە لە ناوچەکەی، ناسناوی "پاشای باکوور"ی پێدرا.

ئەو سیاسەتمەدارە پەیڕەوی لە فەلسەفەیەک دەکات کە خۆی ناوی ناوە "مانچستەریزم" (Manchesterism)، کە جۆرێکە لە "سۆسیالیزمی دۆستی بزنس" بۆ رووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی و سستی گەشەی ئابووری. بورنەم لەم دواییانەدا رەخنەی توندی لە ستارمەر گرتووە سەبارەت بە بڕینی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هۆشداری داوە لە دروستبوونی "کەشێکی ترس" لە ناو پارتەکەدا.

یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم بورنەم، رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی پارتی چاکسازی بەریتانیایە بە سەرۆکایەتی نایجل فاراج. چاودێران دەڵێن ئەگەر بورنەم بتوانێت دەنگدەرانی پارتی کرێکاران لە چوون بۆ ناو پارتی ریفۆرم بوەستێنێت، ئەوا دەسەلمێنێت کە خاوەنی "دەستێکی جادووییە" لە سیاسەتدا.

سەرەڕای ناوبانگەکەی، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو رووبەڕووی قەیرانی گرانیی بژێوی و سنوورداریی بودجە دەبێتەوە، کە مەودایەکی زۆری بۆ مانۆڕکردن و جێبەجێکردنی پلانە گەورەکانی ناهێڵێتەوە.

ئاندی بێرنەم لە هەڵبژاردنی 18ی حوزەیرانی بازنەی مانچێستەردا، توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت و بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 9 هەزار دەنگ، کورسییەکی پەرلەمانی بۆ پارتی کرێکاران پڕ بکاتەوە. ئەم بازنەیە کە لە ساڵی 1983وە قەڵایەکی بەهێزی پارتی کرێکارانە، ئێستا وەک وێستگەی گەڕانەوەی بێرنەم بۆ جەستەی پەرلەمان و ئامادەکاری بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دەبینرێت.

بێرنەمی تەمەن 56 ساڵ، خاوەن کارنامەیەکی سیاسیی دەوڵەمەندە؛ ئەو لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2017 ئەندامی پەرلەمان بووە و چەندین پۆستی باڵای وەک وەزیری گەنجینە، وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری تەندروستی لە کابینەکانی پێشوودا بەڕێوەبردووە. هەروەها لە ساڵی 2017وە تا 2026 وەک سەرۆکی شارەوانی مانچێستەر کاریکردووە و بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکەیەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد.

ئێستا بێرنەم لە ڕیزبەندی پێشەنگی کاندیدەکاندایە بۆ جێگرتنەوەی کییەر ستارمر. بەو پێیەی پارتی کرێکاران خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانییە، چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاییکردنەوەی ڕێکارەکانی ناو پارتی کرێکاران، بێرنەم ڕاستەوخۆ وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا دەستبەکار بێت و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی وڵات بگرێتە ئەستۆ.