ترەمپ: گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "توانیمان بڕێکی زیاتر نەوت بەراورد بە پێشتر بگوازینەوە و گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە، هاوکات گوتیشی،" ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لەبارەی گەرووی هورمزەوە کارێکی باش دەکات و رایگەیاند: "پێشکەوتنی باشمان لە رێڕەوی دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و ژیرانە لەگەڵ تاران."
سەبارەت بە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ترەمپ روونیکردەوە، ئەو پارانە بۆ کڕینی ماددەی خۆراکی لە جووتیارانی ئەمریکی بەکاردەهێنرێن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە واشنتن ئامادە نییە پارە بلۆککراوەکانی تاران بگەڕێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەیان لە گفتوگۆکانی سویسرادا دانوستانی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی نەکردووە و هیچ پابەندییەکی نوێی قبوڵ نەکردووە، جەختیشی کردەوە، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی ئێران هەیە.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت لە سویسرا، کە بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، بە گوێرەی زانیاری و گوتەی بەرپرسانی هەردوو وڵات واشنتن و تاران رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و دارشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا.