ئێران و لەمریکا لەسەر میکانیزمی تێپەڕینی کەشتییەکان بەسەلامەتی رێککەوتن
دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە سویسرا کۆتاییان هات و ئەنجامی گفتوگۆکانیش گۆڕانکاریی گرنگی لە دۆسیەی گەمارۆکان، ئازادکردنی دارایی و هێورکردنەوەی گرژییە ناوچەیییەکان لێکەوتووەتەوە.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای لە سویسرا راگەیاند، هەروەها ئاشکرای کرد، لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، چوار تیمی کاری پسپۆڕی پێکهێنراون کە ئەرکیان کارکردن دەبێت لەسەر ئەم دۆسیانە:
-هەڵگرتنی گەمارۆکان.
-کاروباری ئەتۆمی.
-ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری.
-چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان.
لەسەر ئاستی ئابووری، کەناڵی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی بڵاویکردەوە کە لایەنی ئەمریکی مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات، ئەم بڕیارە بە فەرمی لە ماڵپەڕی (OFAC) فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، رێککەوتنی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، بڕیارە ئەم پارەیە بە دوو گوژمە هەر هەر گوژمەی 6 ملیار دۆلار رادەستی ئێران بکرێتەوە.
لەسەر ئاستی ئەمنی و ناوچەیی، غەریبئابادی ئاماژەی بەوە کرد، میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز پەسەند کراوە، هەروەها بڕیار دراوە بە بەشداریی هەریەکە لە وڵاتانی پاکستان و قەتەر، یەکەیەکی تایبەت بە "پێشگیری لە ململانێکان" لە لوبنان دابمەزرێنرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.