پزیشکیان: سەرکەوتنی دانوستانەکان بەندە بە پابەندبوون بە بەڵێنەکان
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، سەرکەوتنی دانوستانەکان بەندە بەجێبەجێکردن و پابەندبوونی رێککەوتنەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، سەرکەوتنی گفتوگۆ و دانوستانەکان بەندە بە پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان بەو بەڵێنانەی لەسەری رێککەوتوون و جێبەجێکردنیان بە شێوازێکی ورد.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا، پێشکەوتن لە پرۆسەکەدا هەیە، تەنها لە ڕێگەی پابەندبوونی کرداریی بە بەرپرسیارێتییەکانەوە هەڵدەسەنگێنرێت.
باسی لەوەشکردووە، هەر لێدوانێک لە دەرەوەی دەقی رێککەوتنەکان بێت، هیچ خزمەتێک بە چوونەپێشەوەی رەوتی دانوستانەکان ناکات.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، چوار تیمی کاری پسپۆڕی پێکهێنراون کە ئەرکیان کارکردن دەبێت لەسەر ئەم دۆسیانە:
-هەڵگرتنی گەمارۆکان.
-کاروباری ئەتۆمی.
-ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری.
-چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی، ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات، ئەم بڕیارە بە فەرمی لە ماڵپەڕی (OFAC) فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، رێککەوتنی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، بڕیارە ئەم پارەیە بە دوو گوژمە هەر هەر گوژمەی 6 ملیار دۆلار رادەستی ئێران بکرێتەوە.
لەسەر ئاستی ئەمنی و ناوچەیی، غەریبئابادی ئاماژەی بەوە کرد، میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز پەسەند کراوە، هەروەها بڕیار دراوە بە بەشداریی هەریەکە لە وڵاتانی پاکستان و قەتەر، یەکەیەکی تایبەت بە "پێشگیری لە ململانێکان" لە لوبنان دابمەزرێنرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.