بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا بۆ کوردستان24: دوای لوبنان، نۆرەی سێ وڵاتی دیکەی ناوچەکەیە

ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی
ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی

بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا هۆشداریی دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و جەخت دەکاتەوە، دوای لوبنان، ئیسرائیل پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر سێ وڵاتی دیکە.

لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، غالب ئەبو زەینەب، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبوڵڵای لوبنانی، تیشکی خستە سەر هەموو ئەو پێشهاتە سیاسی و سەربازییانەی ئێستا لە لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن.

 ئەو سەرکردەیە بە وردی باسی هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ئاگربەست، ناوەڕۆکی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان، مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، قەیرانی ئابووریی لوبنان و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی بەیرووت دەکات.

 

پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و خەونی "ئیسرائیلی گەورە"

لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەبو زەینەب هۆکاری سەرەکیی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی ئاگربەست لە لوبنان، بۆ نیازی ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە بۆ چەسپاندنی پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە".

 ئەو سەرکردەیە، روونی کردەوە، "لە ساڵی 2024ـەوە کاتێک بڕیاری وەستانی کارە دوژمنکارییەکان درا، حزبوڵڵا بۆ ماوەی 15 مانگ بەتەواوی پابەندی راگرتنی هێرشەکان بوو، بەڵام ئیسرائیل بە بیانووی بەدەستهێنانی "ئازادیی جووڵە" بەردەوام بوو لە پێشێلکارییەکان. ئەمریکاش پەسەندی کردبوو ئیسرائیل لە هەر کاتێکدا هەستی بە مەترسی کرد، هێرش بکات". 

بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، "لەو ماوەیەدا سوپای ئیسرائیل 500 هاووڵاتیی لوبنانی و گەنجانی حزبوڵڵای کوشتووە و سەدان باڵەخانەی رووخاندووە بە بیانووی بوونی چەک، تەنانەت پێش ئەوەی سوپای لوبنان بچێتە ناوچەکان بۆ پشکنین".

غالب ئەبو زەینەب جەخت دەکاتەوە، "ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیلیش لەم کارانە، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاسمانی لوبنان، سووریا و غەززەیە، بۆیە حیزبوڵڵا بڕیاری دا کۆتایی بەو چاوەڕوانییە بهێنێت و بچێتە نێو رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی کراوە لەگەڵ تەلئەڤیڤ".

 

دانوستانەکانی سویسرا و پاشەکشەی ئەمریکا

سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیدارەی ئەمریکا لە سویسرا بەڕێوەچوون، حزبوڵڵا بە دیدێکی ئەرێنییەوە لێیان دەڕوانێت. ئەبو زەینەب ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا پاش ئەوەی لە رێگەی هێزی سەربازی و تیرۆرکردنی سەرکردەکانەوە (لە سەروویانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران) نەیتوانی دەسەڵاتی تاران بڕووخێنێت، ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی دیپلۆماسی و رێککەوتنێکی 60 رۆژە لەگەڵ تاران واژوو بکات. 

ئەو پێی وایە، توانای سەربازیی ئەمریکا سنووردارە و ناتوانێت رووبەڕووی دەوڵەتێکی خۆڕاگری وەک ئێران ببێتەوە یان رژێمی دەوڵەتان بگۆڕێت. بەتایبەتی پاش ئەوەی ئێران توانی گەرووی هورمز دابخات و گورزی وێرانکەر لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بدات، ئەمریکییەکان تووشی شۆک بوون و تێگەیشتن بژاردەی سەربازی بۆ ئەوان کۆتایی هاتووە.

 

گفتوگۆکانی سەرۆکایەتیی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا

لەبارەی ئەو دانوستانانەی لە نێوان ئیسرائیل و سەرۆکایەتیی لوبنان بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەدەچن؛ غالب ئەبو زەینەب رەخنەی توند لە دەسەڵاتی سیاسیی لوبنان و بەتایبەت سەرۆککۆمار دەگرێت.

 ئەو دووپاتی دەکاتەوە "حزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە دانوستانی راستەوخۆ بکات بۆ ئەوەی دانپێدانانی خۆڕایی نەداتە ئیسرائیل، بۆیە نەبی بری، سەرۆکی پەرلەمان نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵڵا دەکات. ئەوەی ئێستا سەرۆکایەتیی لوبنان دەیکات، دانپێدانانی فەرمییە بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دژی دەستوورە". 

ئەو سەرکردەیە ئاشکرای دەکات، سەرەتا لوبنان وەرەقەیەکی بۆ دانوستان پێشکەش کرد تێیدا داوای وەستانی هێرشەکان، کشانەوەی ئیسرائیل، ئاوەدانکردنەوە و ئازادکردنی دیلەکانی دەکرد، بەڵام ئیسرائیل رەتی کردەوە. دواتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی بە سەرۆککۆماری لوبنانەوە کرد و وەرەقەیەکی ئیسرائیلی بەسەردا سەپاند.

 

وەک خۆی گوتی، لەم وەرەقە نوێیەدا دوو مەرجی زۆر مەترسیدار هەن:

یەکەم: ئیسرائیل ئازادیی تەواوی جووڵەی لەناو لوبناندا دەبێت بۆ کوشتن و وێرانکردن بەبێ ئەوەی کەس وەڵامی بداتەوە.

دووەم: حیزبوڵڵا دەبێت بەتەواوی لە باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان ناکشێتەوە.

هەروەها مەرجێکی دیکە دروستکردنی "ناوچەی تاقیکارییە"، واتە سوپای لوبنان ناوچەیەک پاک دەکاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا دڵیان پێی خۆش بوو، ناوچەی دیکەی پێ دەدەن، ئەگەر نا هەڵیدەوەشێننەوە. ئەبو زەینەب ئەمە بە رادەستکردنی تەواوەتیی وڵات و بوون بە ناوچەیەکی پارێزراوی ئیسرائیل ناو دەبات.

 

قەیرانی ئابووری وەک چەکێک دژی حزبوڵڵا

سەبارەت بە دۆخی سەختی ژیانی هاووڵاتییان، ئەبو زەینەب جەخت دەکاتەوە قەیرانی ئابووریی لوبنان شتێکی لەناکاو نەبووە، بەڵکوو لە ساڵی 2016ـەوە گەمارۆیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو خراوەتە سەر وڵاتەکە. مایەپۆچکردنی بانکەکان و رێگریکردن لە حەواڵەی دارایی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و ئەورووپا جێبەجێ کراوە. 

بە گوتەی ئەو، "ئامانج لەم گەمارۆیە لێدانە لە ژینگەی پشتگیریکاری حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان. تەنانەت ئێستا دەسەڵاتی سیاسیی لوبنان ئەو هاوکارییانەی لە دەرەوە دێن دەیانشارێتەوە و دڵۆپ دڵۆپ دەیانڕێژێتە سەر خەڵک بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە نەهامەتیدا بژین و دژی حیزبوڵڵا رابوەستن. بەڵام خەڵکی لوبنان ئامادەن برسی بن و شەهید بدەن، بەڵام کەرامەتی خۆیان نەدۆڕێنن و ئاڵای ئیسرائیل لە بەیرووت قبووڵ نەکەن".

 

هەژموونی ئەمریکا بەسەر فڕۆکەخانەی بەیرووت و کێشە لەگەڵ ئێران

لەبارەی گرژییەکانی نێوان دەسەڵاتی لوبنان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسەکەی حززبوڵڵا ئاشکرای دەکات، کێشەکە پەیوەندیی بە دەستتێوەردانی ئەمریکاوە هەیە. پاش جەنگی 2024، ئیدارەی ئەمریکا دەستی بەسەر فڕۆکەخانەی بەیرووتدا گرتووە و هەموو دەزگا ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکەی پڕ کردووە لە کەسانی سەر بە هەواڵگریی خۆی. لەو رێگەیەوە بەردەوام کێشە بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان دروست دەکەن.

هەروەها تیشک دەخاتە سەر رۆڵی وەزیری دەرەوەی لوبنان کە سەر بە "هێزە لوبنانییەکانە" و مێژوویەکیان هەیە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی 1982ـەوە. ئەو پێی وایە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە بە فەرمانی ئەمریکا کار دەکەن و هەوڵ دەدەن کێشە بۆ دیپلۆماتکارانی ئێران دروست بکەن، چونکە پێشتر گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد ئێران دەڕووخێت، بەڵام ئێستا دەبینن ئێران بەهێزتر لە جاران گەڕاوەتەوە.

 

پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی هەرێمیی یەکگرتوو

لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا، غالب ئەبو زەینەب هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دووپاتی دەکاتەوە، ئیسرائیل تەنیا چاوی لە لوبنان نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر میسر، سووریا، سعوودیە، تورکیا و پاکستان.

 ئەو داوا دەکات وڵاتانی ناوچەکە پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و یەکبگرن بۆ دروستکردنی دیوارێکی رێگر لە دژی فراوانخوازییەکانی تەلئەڤیڤ.

گوتیشی "حزبوڵڵا هیوادارە ئەم وڵاتانە رۆڵێکی کاراتر ببینن بۆ کەمکردنەوەی قورسایی هەژموونی ئەمریکا لەسەر لوبنان، چونکە ئێستا واشنتن تەنیا هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەدات لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە".