بانکی ناوەندیی سووریا: دراوی کۆن تا کۆتایی مانگی تەممووز کارایە

بانکی ناوەندیی سووریا رایدەگەیەنێت، دراوە کۆنەکان تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی داهاتوو هێزی یاساییان دەمێنێت و بۆ هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی بەکاردێن. هاوکات رێگە دەدرێت تاوەکو 5 ساڵی دیکە هاووڵاتییان ئەو دراوانە لە بانکەکاندا بگۆڕنەوە.

بانکی ناوەندیی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دراوە کۆنەکان تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی داهاتوو لە بازاڕەکاندا کاریان پێ دەکرێت و بۆ هەموو جۆرە مامەڵەیەکی پارەدان کارا دەبن.

بانکەکە روونیکردەوە، دوای ئەو وادەیە، دراوە کۆنەکان هێزی یاساییان بۆ مامەڵەی رۆژانە نامێنێت، بەڵام مافی هاووڵاتییان بۆ گۆڕینەوەیان پارێزراو دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی کشانەوە و گۆڕینەوەی ئەو دراوانە لە بانکی ناوەندیی سووریا بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەوەش بەپێی ئەو رێکار و میکانیزمانەی کە دواتر رادەگەیەنرێن.

لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی پۆستە لە پارێزگای سوەیدا رایگەیاند، دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەی دراوە کاغەزییە کۆنەکان بە دراوی نوێ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاسانکاریی مامەڵە بانکییەکانی هاووڵاتییان.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو کەسانەی ئارەزووی گۆڕینەوەی دراوەکانیان دەکەن، دەتوانن لە کاتەکانی دەوامی فەرمیدا سەردانی نووسینگەی پۆستە لە پارێزگاکە بکەن. ئەم خزمەتگوزارییەش لەسەر راسپاردەی پارێزگاری سوەیدا بووە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان لە کورتترین کاتدا.

لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025، بانکی ناوەندیی سووریا دراوێکی نوێی راگەیاند، کە بەو هەنگاوە لاپەڕەیەکی دیکەی سەردەمی حوکمڕانی حیزبی بەعس و دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا کۆتایی هات.دراوە کاغەزییە کۆنەکان لەگەڵ ئەوەی چەندین هێمای مێژوویی جیاوازی سووریایان لەسەر بوو، بەڵام هاوکات وێنەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و حافز ئەسەدی باوکیان لەسەر چاپکرابوو.