بازرگانێک: ئۆتۆمبێلە چینییەکان کێشەی پارچەی یەدەگیان نەماوە

دوای چەند ساڵێک لە گرانی، ئێستا بازاڕی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی، رووی لە دابەزینێکی بەرچاو کردووە. فرۆشیاران و بازرگانان هۆکاری ئەمە بۆ زۆربوونی هاوردەکردن و توندبوونی کێبڕکێی نێوانیان دەگەڕێننەوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە نرخەکاندا وایکردووە ئەو پارچە یەدەگانەی پێشتر نرخەکانیان زۆر بەرزبوو، ئێستا بە نرخێکی زۆر کەمتر دەستبکەون.

بۆ نموونە، تاقم و واشەری بزوێنەری جۆرێکی ئۆتۆمبێلی چینی پێشتر بە نزیکەی 50 دۆلار دەفرۆشرا، ئێستا نرخەکەی بۆ تەنیا 15 هەزار دینار دابەزیوە. ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە بۆ گەرمبوونی بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی چینی، چونکە تێچووی چاککردنەوە و گۆڕینی پارچەکانی کەمتر بووەتەوە.

لەبارەی هۆکاری زۆربوونی خواست لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە، بەرین حەسیب، بازرگانی ئۆتۆمبێل رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی چینی خواستێکی زۆری لەسەرە، یەکەم لەبەر ئەوەی خودی ئۆتۆمبێلەکە هەرزانە. پێشتر کێشەی پارچە هەبوو، بەڵام ئێستا پارچەی یەدەگیشی هەرزان بووە و بەتاک و کۆ دەستدەکەوێت، بەدڵنیاییەوە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلەکە زیاتر دەبێت.

لای خۆیەوە شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کۆمپانیا چینییەکان بەشێوەیەکی فراوان پارچەی یەدەگ دروست دەکەن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی بەکاربەراندایە. 

شێخ مستەفا گوتی، ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێک پارچەی یەدەگی هەرزان بێت، خواستی کڕینی لای هاووڵاتییان زیاتر دەبێت. کێبڕکێیەکی گەورە لە چین هەیە و ساڵانە زۆرترین ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنن.

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر گومرگی مەرزەکان بە تەواوی رێکبخرێتەوە و هاتوچۆی بازرگانی ئاسانتر بکرێت، ئەوا نرخەکان زیاتر دادەبەزن و پارچەی یەدەگیش بە ئاسانی دەگاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ شکانەوەی پاوانکاری و زیادبوونی ئاستی هاوردەکردن، بازاڕی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینییەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. هاوکات بازرگانان پێشبینی دەکەن هێشتا شەپۆلی هەرزانبوونی ئەم پارچانە کۆتایی نەهاتبێت و لە داهاتوودا نرخیان زیاتر دابەزێت.