کیپلەر: دووشەممە زۆرترین کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوون
دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، پاش تێپەڕبوونی 115 رۆژ لە جەنگ و ئاگربەست، دوێنێ دووشەممە، زۆرترین ژمارەی کەشتیی بازرگانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوون.
سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، بە گوێرەی راپۆرتی سەکۆی چاودێری جموجووڵی دەریایی (کیپلەر)، دوێنێ دووشەممە، لانیکەم 36 کەشتیی بازرگانی گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بە نوێترین پێوانەی جووڵەی دەریایی هەژمار دەکرێت لە سەرەتای جەنگیی دژ بە ئێران کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ هەڵگیرسا.
هەر بە گوێرەی دامەزراوەکە ئەمە بە نزیکەی یەک لەسەر سێی جوڵەی سەردەمی ئاگربەست هەژمار دەکرێت، کە پێشتر رۆژانە نزیکەی 120 کەشتی لە هەر رۆژیکدا لەو رێڕەوە ستراتیجییە ئاوییە بۆ بازرگانی جیهانی گوزەریان دەکرد، کە بە پێوانەیەکی ئاسایی، یەک لەسەر پێنجی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەوبارانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕیوون بریتین لە پێنج جۆری سەرەکی سووتەمەنی و کەرەستەی سەرەکی خاو.
هەفتەی رابردوو بەر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی گەرووی هورمزی لەبەردەم جووڵەی دەریایی کردەوە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و حزبوڵڵا، سوپای پاسداران گەرووەکەی داخستنەوە