ترەمپ: ئێران رازی بووە بنکە ئەتۆمییەکانی بپشکێنرێن
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران بە پشکنینی هەمیشەیی و وردی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی رازی بووە. ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو پارە سڕکراوانەی ئێران کە ئازاد دەکرێن، دەخرێنە هەژمارێکی ژێر چاودێریی ئەمریکا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) رایگەیاند، سەرباری پڕوپاگەندە و هەواڵە چەواشەکارییەکانی میدیاکان بۆ بچووککردنەوەی سەرکەوتنەکانی واشنتن، ئێران بەتەواوی رازی بووە لە داهاتوودا لەسەر بەرزترین ئاست پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکرێت بۆ هەمیشە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەداتە دەستپاکی ئەتۆمی و بەبێ ئەم رازیبوونەی تاران هیچ گفتوگۆیەک لە نێوانیاندا نەدەکرا.
ترەمپ جەخت دەکاتەوە، بڕیاری داوە گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، بەڵام هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ هەر ئەگەرێکی دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکە، هەرچەندە پێی وایە ئەمە روونادات.
سەبارەت بە سزاکان و پارە ئازادکراوەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، ئەو پارانە دەخرێنە هەژمارێکی تایبەتەوە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتن و تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی بەکاردەهێنرێن. پێویستە ئەو خۆراکەش راستەوخۆ لە جووتیارانی ئەمریکا بکڕدرێت، لەوانە گەنم و گەنمەشامی و سۆیا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەخت دەکاتەوە قەیرانێکی مرۆیی لە ئێران هەیە و پێویستە ئێستا هاوکارییان بکرێت پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، هاوکات دڵنیایی دەدات گفتوگۆکان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن.
ئەم پەیامەی ترەمپ پاش ئەوە دێت، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی توندیان خستە سەر گەرووی هورمز و هاتوچۆی کەشتییەکانی ئێرانیان راگرت. لە چەند رۆژی رابردوودا بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان، دانوستانێکی نوێ لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو.