ڤانس پشتگیریی ئەمریکا بۆ حکوومەتی لوبنان دووپات دەکاتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ تاران سەبارەت بە لوبنان تەنیا بە ئامانجی ناچارکردنی ئێرانە بۆ گوشارخستنە سەر حزبوڵڵا بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی، نەک بۆ پێدانی هیچ رۆڵێک بە تاران لە دیاریکردنی داهاتووی ئەو وڵاتەدا.

سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە وەڵامی نامەیەکدا کە لە لایەن سەمیر جەعجەع، سەرۆکی پارتی هێزە لوبنانییەکان ئاراستەی کرابوو، جەختی کردەوە، کە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ تاران سەبارەت بە دۆسیەی لوبنان، تەنیا بە ئامانجی گەرەنتی کردنی فشار خستنە سەر حزبوڵڵایە بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانییەوە.

ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم پەیوەندییانەی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە هیچ شێوەیەک بە مەبەستی پێدانی رۆڵ نییە بە تاران لە دیاریکردنی داهاتووی لوبنان یان کاریگەری خستنە سەر بڕیارە نیشتمانییەکانی.

بە پێی راگەیەنراوێکی فەرمی کە لە لایەن پارتی هێزە لوبنانییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، ڤانس روونی کردووەتەوە، کە واشنتن حکوومەتی لوبنان وەک تاکە دەسەڵاتی فەرمی لەو وڵاتە سەیر دەکات، بە نیازن کار لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان بکەن بە شێوازێک کە توانای پێبدات سەروەریی خۆی بپارێزێت و دەسەڵاتی شەرعیی خۆی بچەسپێنێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بەردەوامیی بەدواداچوونەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەمریکی لە دۆسیەی لوبناندا کرد و، جەختی لە گرنگیدانی ئیدارەی ئەمریکا بە پێشهاتەکانی لوبنان و پشتگیریکردنی لە سەروەری و دامەزراوە شەرعییەکانی ئەو وڵاتە کردەوە.

ئێران لە قۆناغەکانی پێشووی دانوستانەکانیدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، پێداگری لەسەر پرسی راگرتنی شەڕ لە لوبنان کردبوو وەک بەشێک لە داواکارییەکانی. یەکێک لە بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی کە لە 18ـی حوزەیران لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا، تایبەت بوو بە راگرتنی شەڕ لەسەرجەم بەرەکان، لەوانەش بەرەی لوبنان.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە لەو ناوچانەی باشووری لوبنان کە داگیری کردوون ناکشێتەوە و بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی هەر "هەڕەشەیەک" کە مەترسی بۆ سەر سەربازەکانی یان نیشتەجێبووەکانی باکوور دروست بکات. 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لوبنان تا ئێستا چەندین گەڕی دانووستانی راستەوخۆی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی لە واشنتن و لەژێر چاودێری ئەمریکادا ئەنجامداوە، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەیەک بۆ کۆتایهێنان بە شەڕەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی.