شەریف و پزیشکیان: پڕۆگرامی مووشەکی بەشێک نییە لە لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن
سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرۆککۆماری ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە. هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی رێککەوتنی نوێی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە و رایانگەیاند پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لەو رێککەوتنەدا باس نەکراوە و وەک مافێکی بەرگریی تاران دەمێنێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەچوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە توندی بەرگری لە توانای سەربازیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەگەر مووشەکەکانمان نەبووایە، ئیسرائیل و ئەمریکا ئێرانیان وەک غەززە وێران دەکرد." پەزێشکیان جەختی کردەوە کە تاران لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دانوستان لەسەر توانای بەرگریی خۆی ناکات.
لەلای خۆیەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پشتیوانیی خۆی بۆ تاران دەربڕی و ئاشکرای کرد، لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتندا، باسی بەرنامەی مووشەکی نەکراوە. شەریف ئاماژەی دا، "زۆرینەی وڵاتان کۆگای مووشەکی بالیستییان هەیە، بۆچی تەنیا ناڕەزایی بەرامبەر ئێران هەبێت؟"
سەرۆکوەزیرانی پاکستان هۆشداری دا لە بوونی "لایەنی تێکدەر" کە دەیانەوێت رێککەوتنەکە شکست پێبهێنن، ئاماژەی بەوەش کرد کە جەنگ دەبووە هۆی وێرانکارییەکی گشتی. شەریف ستایشی هەوڵەکانی قەتەر، سعوودیە، تورکیا و میسری کرد لە پڕۆسەی ئاشتیدا، بەتایبەتیش رۆڵی عاسم مونیری بەرز نرخاند کە کاریگەریی گەورەی هەبووە لە گەیشتن بەم ئاگربەستە.
پزیشکیانیش پاکستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی ئێران وەسف کرد و رایگەیاند، پێشکەوتنی ئاسیا بەستراوەتەوە بە هاوکاریی ناوچەیی. تاران دەستی دۆستایەتی بۆ وڵاتانی ئیسلامی درێژ دەکات بە ئامانجی دروستکردنی "نەخشەیەکی نوێی ئەمنی ناوچەیی".
شەهباز شەریف داوای لە پزیشکیان کرد پەیامی دەستخۆشی ئەو بگەیەنێتە رێبەری باڵای ئێران کە توانیویانە لەگەڵ پاراستنی شکۆمەندیی خۆیاندا بگەینە رێککەوتنی ئاگربەست. شەریف گەشبینی خۆی نیشاندا کە ئابووریی ئێران بەمزووانە دەبێتە یەکێک لە گەشەسەندووترینەکان.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە تاران بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێران و بەشداریکردن لە مەراسیمی رێزلێنان لە رێبەری کۆچکردوو، عەلی خامنەیی.