سەرۆکوەزیرانی قەتەر: دڵنیایی دراوە گەرووی هورمز بەکراوەیی بمێنێتەوە و دانەخرێت
پێویستمان بە هێڵێکی پەیوەندییە لە نێوان واشنتن و تاران
سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، گەرەنتی کرانەوەی گەرووی هورمز کراوە، بەڵام کۆمپانیای وزەی ئەوان دۆخی کارکردنی ئاسایی ناکاتەوە تاوەکو گرەنتی تەواویان پێنەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بە رۆژنامەی "فایننشال تایمز"ـی راگەیاند، گەرووی هورمز بە کراوەیی ماوەتەوە و دڵنیاییان پێدراوە کە بڕیاری داخستنی نەدراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 30 رۆژدا دوای گەیشتن بە رێککەوتن، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی کردەوە، دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە پێویست دەزانێت، بەتایبەت لە کاتی پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە چێنراوەکان، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە تێکدانێک.
شێخ محەمەد باسی لەوەشکرد، ئەو هێڵە پەیوەندییەی کە لەسەری رێککەوتوون لە وڵاتی سویسرا بخرێتە گەڕ، گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە متمانەپێنەکراو و چەواشەکارییەکان لە ناوچەکەدا.
لەبارەی دۆخی کۆمپانیای قەتەر بۆ وزە گوتی: کۆمپانیاکە کارەکانی ئاسایی ناکاتەوە، مەگەر دوای وەرگرتنی گەرەنتی تەواو بۆ کارکردنێکی ئارام و بێمەترسی.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری، شێخ محەمەد ئاماژەی بە پێشنیازی دروستکردنی سندوقێکی وەبەرهێنان بە بەهای 100 ملیار دۆلار لەگەڵ ئێران کرد و رایگەیاند، ئەمە ژمارەیەکی گەورە و تەماحکارانەیە، دەشڵێت، "لە داهاتوودا پێدەچێت داوا لە وڵاتانی کەنداو بکرێت پشکی خۆیان لە دابینکردنی دارایی ئەم سندوقە وەبەرهێنانەدا بدەن."
یەکشەممە، 21ـی حوزەیران، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر لە ناوچەی بۆرگنستۆکی سویسرا بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیریان دەگێڕا، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1. نەخشەڕێگایەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
2. هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
3. لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
4. بە بەشداریی حکوومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5. بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگنستۆک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.