ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنە لە هەڵەبجە

ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ 250 کەس بەشێوەی گرێبەست لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمی کۆتایی دێت و سیستەمەکە دادەخرێت. لیژنەی باڵای دامەزراندن لە پارێزگاکە ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە تا ئێستا فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە، پێویستە پەلە بکەن چونکە وادەی دیاریکراو درێژ ناکرێتەوە.

ئەم پرۆسەیە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر دامەزراندنی 250 کەس بۆ 51 فەرمانگەی جیاوازی پارێزگای هەڵەبجە، کە پێکدێن لە 32 پسپۆڕی جیاواز. پرۆسەکە لە 10ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە و ماوەی 15 رۆژە لینکی تایبەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کارایە.

ئارام شێخ جەمال، سەرۆکی لیژنەی دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار کەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە و رۆژانە بە تێکڕا 500 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، پێشکەشکاران هەڵگری بڕوانامەی جیاوازن، لەوانە دیبلۆم، بەکالۆریۆس و ماستەر.

سەبارەت بە مەرجەکانی دامەزراندن، جەخت کراوەتەوە کە دەبێت پێشکەشکار نیشتەجێی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بێت و کارتی نیشتمانی و زانیارییەکەی سەر بەو پارێزگایە بێت، هەروەها داوا کراوە کە سەرجەم بەڵگەنامەکان لە ناو تەنها یەک فایلی پی دی ئێفدا کۆبکرێنەوە و قەبارەی فایلەکە لە 100 مێگابایت تێپەڕ نەکات.

ئەم هەنگاوەی حکوومەت لە کاتێکدایە کە دوو ساڵ لەمەوبەریش بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، 500 کەسی دیکە لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دامەزرێنران، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رەخساندنی هەلی کار و پڕکردنەوەی پێداویستییە کارگێڕییەکانی فەرمانگەکانی ئەو پارێزگایە.