جووتیارانی کۆیە ئاگادار دەکرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر ئاگادارییەکی ئاڕاستەی تەواوی جووتیارانی سنووری قەزای کۆیە کرد سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی بەبازاڕکردن و رادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، بە مەبەستی رێکخستنی پرۆسەکە و رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری داوە سیستەمی نۆرەگرتن بکاتە ئەلیکترۆنی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ئێستا تەواوی بنکە کشتوکاڵییەکان دەتوانن لە رێگەی لینکی فەرمییەوە نۆرەی خۆیان تۆمار بکەن. پرۆسەی تۆمارکردنەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت بۆ هێنانی گەنم بۆ گۆڕەپانی کۆیە.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر چەند رێنماییەکی سەرەکی بۆ جووتیاران خستووەتە روو و داوا دەکات بە وردی پابەندی بن، لە رێنماییەکاندا هاتووە کە نۆرەگرتنی پێشوەختە بە شێوازی ئەلیکترۆنی ناچارییە و پێویستە جووتیار پێش ئەوەی گەنمەکەی بەرەو سایلۆ بەڕێبکات، ناوی خۆی تۆمار کردبێت، چونکە بەبێ خۆتۆمارکردن بە هیچ شێوەیەک بەرهەمەکە وەرناگیرێت.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە پێویستە جووتیاران پابەندی ئەو کات و رێکەوتە بن کە لە رێگەی سیستەمەکەوە بۆیان دیاری دەکرێت، لە ئەگەری ئامادەنەبوون لە کاتی دیاریکراودا، نۆرەی جووتیارەکە دەفەوتێت و دەبێت دووبارە پرۆسەی تۆمارکردن ئەنجام بداتەوە.
سەبارەت بە وردی زانیارییەکان، ئاگاداری جووتیاران کراوەتەوە کە هەر هەڵەیەک لە کاتی تۆمارکردنی زانیارییەکاندا رووبدات، دەبێت پێش هێنانی گەنمەکە بۆ سایلۆ راست بکرێتەوە، چونکە لە حاڵەتی بوونی زانیاری چەوت، رێگە بە چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکە بۆ ناو سایلۆ نادرێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمارکردنەکەش بە سەرکەوتوویی، کورتەنامەیەکی پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەو ژمارە مۆبایلە دێت کە لە سیستمەکەدا تۆمار کراوە.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر داوا لە جووتیاران دەکات پەلە بکەن لە تۆمارکردنی نۆرەکانیان پێش هاتنی ڕۆژی پێنجشەممە، بۆ ئەوەی مافی رادەستکردنی بەرهەمەکانیان نەفەوتێت.