ئیسماعیل بەقایی وردەکاری نوێ لەسەر دانوستان ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی روونکردەوە.

ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رەتی کردەوە لە سویسرا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆبووبێتنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، هیچ پلانێک یان رێککەوتنێکی پێشوەختە لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی رێگە بە تیمەکانی ئاژانس بدەن پشکنین بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا ئێران هێشتا خۆی بە پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی دەزانێت.

هەروەها گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا و هەندێک وڵاتی ناوچەکە گرت کە پشتیوانییان لە بڕیارەکانی دژی تاران کردووە و ئەمەی بە دووفاقی لە مامەڵەکردن ناوبرد، لە بەرامبەردا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی وەک رووسیا و چین و نەیجەری کرد.

سەبارەت بە لایەنی دارایی و ئابووریش، بەقایی گوتی: سەرجەم داراییە ئازادکراوەکان و داهاتەکانی نەوت بەبێ هیچ مەرجێکی دەرەکی و تەنها لەلایەن دامەزراوە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئێرانەوە بڕیاریان لێ دەدرێت کە چۆن بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی خەرج بکرێن.

دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن و دۆخی ناوچەکە، ئاشکرای کرد، لە سویسرا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە لەگەڵ ئەمریکا کراوە، بەڵام بەهۆی لێدوانەکانی لایەنی ئەمریکییەوە کۆبوونەوەی راستەوخۆ نەکراوە.

ئیسماعیل بەقایی، باسی لەوەشکرد، دۆخی لوبنان و بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل پرسێکی ئاڵۆزە و سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی سەرەتایی، هێشتا پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر و وردەکاری زیاتر هەیە لە رۆژانی داهاتوودا بۆ ئەوەی ئارامی جێگیر ببێت.