جۆزێف عۆن: وتوێژەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامن

جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، وتوێژە بەردەوامەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل لە واشنتن، بە جیاواز لەو کۆبوونەوانە بەڕێوەدەچن کە هەفتەی رابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا ئەنجام دران.

لەبارەی دۆخی مەیدانی، جۆزێف عۆن جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کارەکان لەسەر جێگیرکردنی ئاگربەست لە باشووری لوبنان چڕکراونەتەوە، کە دواتر چەند هەنگاوێکی جێبەجێکردنی بەدوادا دێت؛ لەوانە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچەکانی باشوور، دابینکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ گوندەکانیان، ئازادکردنی دیلەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.

سەرۆکی لوبنان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، دیاریکردنی ئەوەی بە "ناوچە نموونەییەکان" ناسراوە، هێشتا لە ژێر توێژینەوەدایە و چاوەڕێی رەزامەندی لایەنی ئیسرائیلی دەکەن.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، عۆن رایگەیاند وڵاتەکەی چاوەڕوانی بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی بەریتانیا دەکات بۆ مانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە باشووری لوبنان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی (یۆنیفێل) کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2027 دەست پێبکات.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند، ئیسرائیل و لوبنان تاوتوێی پڕۆژەیەکی ئەزموونی دەکەن بۆ رادەستکردنەوەی هەندێک لەو زەوییانەی باشوور کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراون بە سوپای لوبنان.

سێ بەرپرسی ئیسرائیلیش بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت و ئەو هێزە لوبنانییانەی تێیدا بەشدار دەبن، لەلایەن ئەمریکاوە پشکنین و مەشقیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی "دڵنیابن لەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزبوڵڵاوە نییە". هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە ئیسرائیل بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی دابڕاو (Buffer zone) دەپارێزێت.

ئەم پڕۆژە پێشنیازکراوە لە نوێترین گەڕی وتوێژەکانی نێوان بەرپرسانی لوبنانی و ئیسرائیلی لە واشنتن باس کراوە، بەڵام ئەم رێڕەوە دیپلۆماسییە لەلایەن حیزبوڵڵاوە رەتکراوەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران پرسی لوبنانی کردە تەوەرێکی سەرەکی لە وتوێژەکانی لەگەڵ ئەمریکا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی لوبنانی لەبارەی ئەو وتوێژانە رایگەیاند، گفتوگۆکان لە واشنتن لە نێوان سوپای هەردوو وڵات بەردەوامن و تیشک دەخەنە سەر خشتەی کاتی بۆ کشانەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ پلانێکی کۆتایی تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، کە دوا رۆژی کۆبوونەوەکانە، دەرناکەوێت.