ئێران: رێگە بە پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانمان نادەین
ئێران رێگەگرتن لە پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی رادەگەیەنێت و مەرج بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی دادەنێت، هاوکات قەتەر هەوڵی کۆکردنەوەی بەرپرسانی عێراق، ئێران و وڵاتانی کەنداو دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، کازم ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ پلانێکیان نییە بۆ رێگەدان بە گەیشتن بەو بنکە ئەتۆمییانەی رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.
بەرپرسەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای داواکاریی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هیچ کۆبوونەوەیەکیان لە سویسرا نەکردووە.
هەروەها جەختی کردەوە، پرسی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان و ماددە ئەتۆمییەکانیان تاوتوێ ناکرێت، مەگەر لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کۆتاییدا بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەمزووانە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەستپێدەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی وردی پشکنینەکان و رێکخستنی کاروباری تیمە تەکنیکییەکان. گوتیشی: "پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە زووترین کاتدا، باشترین هەنگاوە بۆ هەموو لایەک."
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) رایگەیاند، سەرباری پڕوپاگەندە و هەواڵە چەواشەکارییەکانی میدیاکان بۆ بچووککردنەوەی سەرکەوتنەکانی واشنتن، ئێران بەتەواوی رازی بووە لە داهاتوودا لەسەر بەرزترین ئاست پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکرێت بۆ هەمیشە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەداتە دەستپاکی ئەتۆمی و بەبێ ئەم رازیبوونەی تاران هیچ گفتوگۆیەک لە نێوانیاندا نەدەکرا.
ترەمپ جەختی کردەوە، بڕیاری داوە گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، بەڵام هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ هەر ئەگەرێکی دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکە، هەرچەندە پێی وایە ئەمە روونادات.