سێنتکۆم کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە سووریا راگەیاند

سێنتکۆم رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی ورددا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان بە ناوی "عەلی حوسێن عولەیوی" کوشتووە، هاوکات فەرماندەی سێنتکۆم جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە کردەوە.

چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە هێرشێکی ئاسمانیی ورددا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی داعشیان بە ناوی "عەلی حوسێن عولەیوی" کوشتووە.

ئەم هێرشە ئاسمانییە لە 19ی حوزەیران ئەنجامدراوە. ئامانج لێی پەکخستن و لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانە بووە کە هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوە یان خاکەکەیان بکەنە ئامانج.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەمبارەیەوە رایگەیاند: "سێنتکۆم و هاوبەشەکانی پابەندن بە ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش بۆ مسۆگەرکردنی شکستی هەمیشەیی ئەم رێکخراوە." جەختیشی کردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا دەبینرێت بۆ سنووردارکردنی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.