زیاتر لە 3 ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی گەیشتوونەتە کەربەلا
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردەوە، زیاتر لە 3 ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی گەیشتوونەتە شاری کەربەلا لە عێراق، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی یادی عاشورا کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا نزیکەی 400 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە سنوورە وشکانییەکانەوە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی لێشاوی بەردەوامی ئەو زیارەتکارانەدایە کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی 10 موحەڕەم روو لە مەزارگەکانی کەربەلا دەکەن.
ساڵانە پارێزگای کەربەلا لە یادی عاشورادا پێشوازی لە ملیۆنان زیارەتکار لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش، رێوشوێنی توندی ئەمنی و پلانێکی خزمەتگوزاری بەرفراوان گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان پێیان.
زیارەتی عاشورا لە کەربەلا بە یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکان دادەنرێت، کە تێیدا ملیۆنان کەس یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی دەکەنەوە، کە لە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەمی ساڵی 61ـی کۆچی لە شەهید کرا.