خەڵاتەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید دابەشکران
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، خولی شەشەمی فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، بەبەشداری 43 فیلم، لە هۆڵی رۆشنبیری چەمچەماڵ بەڕێوەچوو و خەڵاتەکان دابەشکران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، ئیدریس شەوکەت، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی گوت، "لە کۆی 84 فیلمی پێشکەشکراو بۆ فێستیڤاڵەکە، تەنیا 43 فیلم توانیان قۆناخی هەڵبژاردن ببڕن و وەربگیرێن. ئەم فیلمانە دواتر دابەش کران بۆ دوو بەشی جیاواز؛ بەشێکیان چوونە ناو پێشبڕکێی تایبەت بە فیلمەکانی جینۆساید و بەشێکی دیکەش لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڕناڵ و بۆ نمایش و پێشاندانی تایبەت هەڵبژێردران."
ئیدریس شەوکەت باس لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "لەو فێستیڤاڵەدا لێژنەی دادوەری 12 خەڵاتی بەسەر فیلمە بەشداربووەکان دابەش کرد وەکو، فیلمی "کۆشکی مێرولەکان" بە دەرهێنانی تۆفیق ئەمان، خەڵاتی یەکەمی بەشی فیلمی چیرۆکئامێزی بەدەستهێنا، دوای ئەوە فیلمی "فایلی ژمارە 1" بە دەرهێنانی سۆنای جەلیل زەنگەنە، خەڵاتی دووەم پێبەخشرا و فیلمی "خەونا بێزمان" بە دەرهێنانی مەزلوم باران تەکین، پلەی سێیەمی هەمان بەشی بەدەستهێنا. هەروەها لە بەشی فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا، فیلمی "ژیان لە ئەرشیفدا" بە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی وەک براوە هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا فیلمی "لیمۆ هەمووشتی دەزانی" بە دەرهێنانی ئیدریس مەحمودیان خەڵاتی بەشی فیلمی کۆرناڵی بەدەستهێنا."
ئیدریس شەوکەت باسی لەوەش کرد، "لە هەمان کاتدا، لێژنەی دادوەری بۆ رێزلێنان لە ژمارەیەک بەرهەمی جێگەی سەرنج و تایبەتمەند، بڕیاری دا 7 ڕێزلێنانی تایبەتی دابەش بکات وەکو، فیلمی "پەرژین" بە دەرهێنانی ساکار عوسمان، "سیتاف" بە دەرهێنانی دیلان تۆفیق، "بۆنی باروت، دەستور" بە دەرهێنانی فەرشید عەبدی، "چاکبوونەوە" بە دەرهێنانی ئیلهام رەحیمی، "جەنگ و ڕەنگ" بە دەرهێنانی عەدنان زەندی، "نیشان" بە دەرهێنانی رێمان رەنج."
خولی شەشەمین فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، لە مۆنۆمێنتی ئەنفال و هۆڵی رۆشنبیری چەمچەماڵ بەڕێوەچوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.