ناتانیاهۆ: لە لوبنان ناکشێینەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەرکمان لە لوبنان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، گوتیشی،" بۆ لێدان لە ئەمریکا داوای مۆڵەتم لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەکردووە".
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل پشتێنەیەکی ئەمنیی دابڕاو لە باشووری لوبنان دروست دەکەن بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی حزبوڵڵا، گوتیشی: "هێشتا کاری زۆرمان ماوە کە دەبێت لە لوبنان ئەنجامی بدەین".
هەروەها جەختی کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە بە "ناوچەی ئەمنی" ناوی دەبەن لە ناو خاکی لوبنان، ناکشێنەوە.
سەبارەت بە ئێرانیش، ناتانیاهۆ گوتی،" ئیسرائیل چەندین ئۆپەراسیۆنی لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجامداوە و هەوڵ دەدات بۆ رێگریکردن لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، "تا ئەو کاتەی من سەرۆکی حکوومەت بم، ئێران نابێت ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئیسرائیل و گوتی: "رێگری لەوە دەکەم".
هەروەها بە شێوازێکی تووند بەرامبەر واشنتن لێدوانی دا و گوتی: "داوای مۆڵەتم لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نەکردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵکو تەنها ئاگادارم کردووەتەوە".
هاوکات، یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە تەلئەڤیڤ، ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگە نادەن نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی لوبنانی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە لەو ناوچانە چۆڵیان کردووە.
وەزیری بەرگری ئەم بڕیارەی بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان گەڕاندەوە و گوتی: ئەزموونەکانی پێشوو لە ناوچە ئەمنییەکاندا کە ئامادەبوونی مەدەنی تێدا بووە، بووەتە هۆی ئەوەی سەربازانی ئیسرائیل رووبەڕووی هێرشی بۆمبی چێنراو ببنەوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵی کردوون. دەشڵێت: کە ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل نەرگۆڕە و تەنانەت لەسەر داوای ئەمریکاش ناکشێتەوە.
کاتز، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هەڕەشەی لە گرووپی حوسییەکان کرد و رایگەیاند: "حیسابی ئێمە لەگەڵ حوسییەکاندا کراوەیە و دەبێت بە توندی باجەکەی بدەن، ئەگەر سەرکردەکەیان بکەوێتە بەرچاومان، لەناوی دەبەین".
ئەمەش لە کاتێکدایە، تەلئەڤیڤ و بەیرووت، خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکی تاقیکارین بۆ رادەستکردنی بەشێک لە زەوییەکانی باشووری لوبنان کە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردوون، بە سوپای لوبنان.