زەیدی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕین

"دژایەتیکردنی گەندەڵی لە سەرووی کارە لەپێشینەکانم دەبێت"

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە هاریکاریی سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕدرێن.

چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (IMI) ئاشکرای کرد، "شەڕی دژی گەندەڵی لە سەرووی کارە لە پێشینەکانی من دەبێت".

هاوکات گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە بواری سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕدرێن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەی لێدوانەکەیدا، باسی لەوە کرد، "ئێمە داوا لە رێکخراوی ئۆپێک دەکەین کە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیاد بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ تواناکانی کەرتی نەوت و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەماندا بگونجێت".

زەیدی لە کۆتاییدا روونی کردەوە، "دوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات، هیچ پاساو و پێویستییەک بۆ هیچ جۆرە بەرگرییەک لە عێراقدا نامێنێت".