پێشەوا هەورامانی: کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان دەستییان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە قۆناخ دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و خشتەی کاتیی گەڕانەوەی تەواوی کۆمپانیاکانی بۆ سەر کارەکانیان ئاشکرا کرد، ئەمەش دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو کێڵگانەی لە هێرشەکانی رابردوودا زیانیان بەرکەوتبوو.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN) ئێستا بە بڕی 7000 بەرمیلی رۆژانە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و بڕیاریشە یەکشەممەی داهاتوو کارەکانی لە کێڵگەی ئەتروش دەستپێبکاتەوە.
لەبارەی کۆمپانیاکانی دیکەوە، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە کێڵگەی شێخان دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO) لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور دەست بە کارەکانی بکاتەوە، و کۆمپانیای هەنت ئۆیڵیش لە 8ی تەممووز دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، روونی کردەوە کە هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەندێک لەم کۆمپانیایانە بۆ ئەو زیانە زۆرانە دەگەڕێتەوە کە لە هێرشەکانی رابردوودا بەر کێڵگەکان کەوتبوون، کە پێویستییان بە کات و ئامادەکاری هەبووە بۆ نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی ئاسایی.