ترەمپ: ئێران سازشی زۆر گەورەی کردووە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ئێران لە میانی دانوستانە بەردەوامەکاندا لەگەڵ ئەمریکا سازش و وازهێنانی زۆر گەورەی کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن بەرەوپێشچوونی روونی لەو لێکتێگەیشتنەدا بەدیهێناوە کە لە نێوان هەردوولادا هەبووە.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە بە جیاوازییەکی زۆرەوە دەیبەینەوە، ئێران سازشی زۆر گەورە دەکات، دەبینین چی روودەدات." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گفتوگۆیانەی کە سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەردەوامن کە هەفتەی رابردوو لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دانوستانە تەکنیکییەکان بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوامن، کە دۆسیەی ئەتۆمی، سزاکانی سەر ئێران و پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە، پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە ئازاد دەکرێن، تەنها بۆ کڕینی بەرهەمە ئەمریکییەکان بەکاردەهێنرێن، بەتایبەت پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و دەرمان، هاوکات لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" روونیکردەوە، ئەمریکا پارەی نوێ ناداتە ئێران، بەڵکو بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانیان لەژێر چاودێری واشنتن ئازاد دەکات بۆ کڕینی گەنم، گەنمەشامی، سۆیا و بەرهەمە ئەمریکییەکان.
هەروەها ترەمپ باسی لەوە کرد، تاران واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ باج و تێچوویەک ناخاتە سەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، هەروەها هۆشداریشی دا هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی راگرتنی دەستبەجێی دانوستانەکان.
لە بەرامبەردا، تاران بە توندی ئەو لێدوانانەی ئەمریکای رەتکردەوە، کە باس لە چۆنیەتی خەرجکردنی پارە ئازادکراوەکان دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئازادکردنی داراییەکانمان هیچ پەیوەندییەکی بە کڕینی بەرهەمی ئەمریکییەوە نییە."
هەروەها عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران، ئەو میکانیزمەی رەتکردەوە کە ترەمپ باسی لێوە کردبوو.
سەرەڕای ئەم ناکۆکییانە و تێبینییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەسەر پشکنینەکان، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە سویسرا ئەنجام بدەن.
رۆژی 18ـی حوزەیران، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران واژۆ کرا، لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوە ئەرێنییەشدا چەند هەنگاوێک بە ئاڕاستەی هێورکردنەوەی ئەو دۆخە نراوە کە چەند مانگێکە بەهۆی جەنگەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەوانەش، سووککردنی هەندێک لە سزاکانی ئەمریکا و ئازادکردنی داراییەکانی ئێران لە خۆ دەگرێت، لە بەرامبەر پابەندبوونی تاران بە هەندێک مەرجی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دۆسیە هەرێمییەکان.