ئەکسیۆس: لە گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی یەکەم رۆژ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەبێ هیچ بەرەوپێشچوونێک کۆتاییان هاتووە.

چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، بەگوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار کە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، لەو گەڕەی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کە لە واشنتن بەڕێوەدەچێت، نەک هەر پێشکەوتن نەبووە، بەڵکو لە هەندێک رووەوە پاشەکشەش هەبووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەندێک کاتدا ئاستی گفتوگۆکان گەیشتووەتە رادەیەکی زۆر تووند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی دانیان بە هەبوونی ناکۆکییەکاندا ناوە و رایانگەیاندووە، کەشوهەوای کۆبوونەوەکە دۆستانە بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، نوێنەرانی سوپای هەردوو وڵات هەڵوێستی تووند و دژبەیەکیان هەبووە سەبارەت بە سنووری کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئەو ناوچانەی کە دەبێت پڕۆسەی کشانەوەکەی لێوە دەست پێ بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، گفتوگۆکان لە رۆژی دووەمیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە واشنتن وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوولادا ئەنجامیان دەدات.

گەڕی کۆتایی ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئاستی پسپۆڕان دوێنێ سێشەممە دەستی پێکرد و بڕیارە تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان هەردوو لایەنی سیاسی و سەربازی بگرێتەوە.