عێراق ئومێدەوارە لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا ئاسایشی ناوچەکە زامن بکات
فوئاد حوسێن جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیمارات دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە پێشوازیکردنی بەغدا لەو لێکتێگەیشتنانە کردەوە کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەدەستهاتوون بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. هاوکات هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لەسەر رەتکردنەوەی جەنگ دووپات کردەوە.
چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆی کرد.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە.
فوئاد حوسێن جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیمارات کردەوە و ئاماژەی بە پێویستیی بەردەوامبوون لە پەرەپێدان و چڕکردنەوەی هاوکارییە هاوبەشەکان کرد، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، هەڵوێستی فەرمیی بەغدای سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەییەکان خستە روو و رایگەیاند، عێراق لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی نەگۆڕی هەبووە کە بریتییە لە رەتکردنەوەی جەنگ، رێگریکردن لە بەردەوامبوون و فراوانبوونی و، داواکردنی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و پەنابردن بۆ چارەی دیپلۆماسی.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن پێشوازیکردنی عێراقی لەو لێکتێگەیشتنانە نیشاندا کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن و هیوای خواست ئەم پێشهاتانە ببنە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دا سەبارەت بە ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە دۆخی ئێستاوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لە ماوەی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتی ئیمارات ئەنجام دەدات بە مەبەستی بەهێزکردنی راوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات.
لە لایەن خۆیەوە، عەبدوڵڵا بن زاید، پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی دووقۆڵی دەربڕی و، هیوای ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوامی بۆ عێراق خواست.