بەهۆی بوومەلەرزەکانی ڤێنێزوێلا زیاتر لە 700 کەس بوونە قوربانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، دەسەڵاتدارانی ڤێنێزوێلا باری نائاسایییان لە سەرتاسەری وڵاتدا راگەیاند، دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی بەهێز چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی هەژاند و بەهۆیەوە سەدان کەس بوونە قوربانی و زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیشت.
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی ڤێنێزوێلا بەوەکالەت، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ گەلی وڵاتەکەی رایگەیاند "تا ئەم ساتە زانیارییەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی لانی کەم 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ئاماری وردی ویلایەتی "لا گوایرا"یان بەدەست نەگەیشتووە کە دەکەوێتە نزیك کاراکاسی پایتەخت و بە زیانلێکەوتووترین ناوچە دادەنرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر بێتەوە.
بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، لە کەناراوە باکوورییەکانی ڤێنێزوێلا و بە جیاوازی کەمتر لە خولەکێک روویانداوە، کە ئەمەش بە دیاردەی "بوومەلەرزەی دووانە" ناوزەند دەکرێت، دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکانیش، 20 پاشلەرزەی دیکە تۆمار کراون کە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی بە کاراکاسی پایتەخت گەیاندووە، چەندین باڵەخانە رووخاون و درز کەوتووەتە نێو ژێرخانی شارەکە، بەهۆی زیانگەیشتن بە دامەزراوەکانیشی، حکوومەت بڕیاری دا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "مایکێتیا" کە فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتە دابخات، تا ئەو کاتەی تیمە تەکنیکییەکان لە سەلامەتی باندەکانی فڕین دڵنیا دەبنەوە.
وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رێگری لە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، دەسەڵاتداران هێڵەکانی گازی سروشتییان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بڕیوە و فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەیان بۆ ئەو باڵەخانانە دەرکردووە کە مەترسی رووخانیان لەسەرە، لە ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن لە هەڵمەتەکانیاندا بەردەوامن بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان و هاوکاریکردنی برینداران.
BREAKING: USGS upgrades Venezuela earthquake to 7.5
— World Source News (@Worldsource24) June 24, 2026
First video shows panic at the airport during the earthquake.
Second video from Caracas showing heavy damage from a collapsed building. pic.twitter.com/pf2hLRXwIb