ئێران ناتۆ بە هاوکاریکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات
ئێران لە بەرامبەر هاوپەیمانی ناتۆدا زمانێکی توندی بەکارهێنا و تۆمەتباری کرد بەوەی لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی تێوەگلاوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئەو وڵاتەکەیان، ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند واشنتن رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ تاران واژۆ کردووە کە کۆتایی بە ململانێکان هێناوە و گەرووی هورموزی بە تەواوی کردووەتەوە.
پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026،ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی سکرتێری گشتی ناتۆ سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکەی سەر ئێران، بە دانپێدانان بە هاوکاری و تێوەگلان دادەنرێت، گوتیشی ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هاوپەیمانانی ناتۆ، لەوانە ئیتالیا و رۆمانیا، بەرپرسیارێتی هەر رۆڵێکیان لەو هێرشانەدا لە ئەستۆ بگرن، داواشی کرد لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بکرێت کە بەشدارییان لە بڕیاری بەشداربوون لە جەنگەکەدا کردووە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە ئیتالیا و رۆمانیا کرد، روونکردنەوە بدەنە گەلانی خۆیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو هاوکارییەی لە تاوانەکاندا دژی گەلی ئێران ئەنجامیان داوە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا شتێکی بەدەستهێناوە کە هیچ سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا نەیتوانیوە بیکات، جەختیشی کردەوە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ گوتیشی، واشنتن هەفتەی رابردوو رێککەوتنێکی مێژوویی واژۆ کردووە کە کۆتایی بە ململانێکان لەگەڵ ئێران هێناوە و بووەتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورموز بە تەواوی، راشیگەیاند، ئەمریکا لە لێواری بەدیهێنانی ئاشتیدایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بازاڕەکانی وڵاتەکەی سوودمەند بوون لەم رێککەوتنە و نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران جەختی کردەوە، تێپەڕبوونی سەلامەت بە ناو گەرووی هورموزدا دەبێت تەنها لەو رێڕەوانەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوون، راشیگەیاند هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ هێزە دەریاییەکانیان ناچارییە و هۆشدارییان دا لە گرتنەبەری رێکاری توند بەرامبەر ئەو کەشتیانەی پابەندی رێنماییەکان نابن.