پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دادەپۆشێت

لەمساڵدا لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان، زیاتر لە 18 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە. جووتیارانی دەشتی ناوکوڕ ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیانن و بەهۆی رەنگ و کوالێتییە بەرزەکەیەوە، بە "زێڕی زەرد" ناوی دەبەن.

بۆ ماوەی دوو هەفتەیە لە دەشتی ناوکوڕ وەرزی هەڵکەندنی پەتاتە دەستی پێکردووە. جووتیاران بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت و تراکتۆر و بە هاوکاریی زیاتر لە 170 کرێکار، خەریکی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەن. بەهۆی باشیی کوالێتییەکەی، ئەمساڵ پەتاتەی ناوچەکە وەک "زێڕی زەرد" دەناسرێت.

فەهەد خێل، جووتیارێکی ناوچەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆر بووە و بووەتە هۆی رزینی بەشێک لە پەتاتەکان، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە زۆر بە باشی پێگەیشتووە. ئەو دەڵێت: "ئێستا خەریکی دەرهێنانی بەرهەمەکەین، بەشێکی بۆ بازرگانانی بەغدا و بەسرە دەنێرین و بەشێکی دیکەشی لە کۆگاکاندا هەڵدەگرین."

هاوکات خاڵس سامی، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و رایگەیاند، نزیکەی دوو هەفتەیە دەستیان بە کار کردووە و بەرهەمەکەیان زۆر باشە. ئەو داوا دەکات رێگریی لە هاوردەکردنی پەتاتەی دەرەکی بکرێت بۆ ئەوەی جووتیارانی ناوخۆ زیانمەند نەبن و بتوانن بەرهەمەکانیان بە نرخێکی باش ساخ بکەنەوە.

بەهۆی ناوبانگی پەتاتەی کوردستان، بازرگانانی ناوەڕاست و باشووری عێراق راستەوخۆ روو لە کێڵگەکان دەکەن. مەحموود محەمەد، کە بازرگانێکی عێراقییە، دەڵێت: "هەموو ساڵێک لەم کاتەدا دێینە هەرێمی کوردستان، چونکە لێرە خاکەکەی خێر و بەرەکەتە و بەرهەمی هەموو جۆرە میوە و سەوزەیەک زۆر جوان و کوالێتییان بەرزە."

بەگوێرەی پێشبینییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی دەشتی ناوکوڕ بگاتە زیاتر لە 200 هەزار تۆن. ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە دادەنرێت، چونکە لە رووی رەنگ و قەبارەوە، پەتاتەی ئەمساڵ بە جۆرێکە کە لە ساڵانی رابردوودا وێنەی نەبووە.