وەزارەتی کار: کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران 500 هەزار دینار دەبێت
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەمترین مووچەی مانگانەی کرێکارە خانەنشینکراوەکان بۆ 500 هەزار دینار زیاد کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای خستنەڕووی راپۆرتێکی تایبەت لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیاردرا کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران بۆ (500,000) پێنجسەد هەزار دینار زیاد بکرێت.
ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی کارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دراوە. پێشتر ئەنجومەنی ناوبراو لە کۆبوونەوەی ژمارە (179)ـی خۆیدا، پاڵپشت بە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2012 و یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، پێشنیاری کردبوو کە ڕادەی هەرە کەمی مووچەی خانەنشینی کرێکاران هاوتا بکرێت و بکرێتە 500 هەزار دینار.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کار، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە (1000) کرێکاری خانەنشینکراو هەن کە مووچەی مانگانەیان لەلایەن خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە دابین دەکرێت. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو کرێکارانەی پێشتر مووچەکانیان لە 500 هەزار دینار کەمتر بووە، لەمەودوا بڕی مووچەکانیان بۆ ئەو ئاستە بەرز دەکرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، سیستەمی خانەنشینکردنی کرێکاران ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە "دەستەبەر" (تەئمینات) کراون و بەهۆی گەیشتنە تەمەنی یاسایی، یان گیانلەدەستدان و پێکانی کارەوە، مافی خانەنشینبوونیان بەدەستهێناوە.