قالیباف: تاکە بەرهەمی ئەمریکا بێمتمانەیی و سویای دەستکاریکراوە

سەرۆکی شاندی دانوستانکاریی ئێران وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و کڕینی خۆراک و پێداویستی لە ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت "ئەمریکا جگە لە بەڵێنی درۆ و قسەی پووچ هیچی دیکە هەناردەی دەرەوەی وڵاتەکەی ناکات".

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی شاندی دانوستانکاریی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە کورتە پەیامێکدا وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای لە بارەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بەرامبەر بە کڕینی خۆراک و کاڵا لە ئەمریکا داوەتەوە و نووسیویەتی " ئەمریکا بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بە ئازادکردنی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکان، ئێران بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەوان دەکرێت؛ سەرنج بدەن، لەم کارەدا تاکە بەرهەمی ئێمە دروێنەی دەکەین ئەو بێمتمانەیەیە کە دەیان ساڵە ئێوە چاندووتانە".

قالیباف بە گاڵتەپێکردن نووسیویەتی " ئەمریکا جگە سویایەکی دەستکاریکراوی بۆماوەییەکەی و بەڵێنی درۆ و قسەی پووچ، هیچی دیکە هەناردەی دەرەوەی وڵات ناکات".

شاندی دانوستانکاریی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای نزیکەی 18 کاتژمێر دانوستانی چڕ لەگەڵ شاندی دانوستانکاریی ئەمریکا بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان، دواجار دووشەممە، 22ـی ئەم مانگە سویسرایان بەرەو تاران جێهێشت.

بە گوێرەی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەی لەنێوان واشنتن و تاران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان بە ئۆنلاین واژۆکراوە، لە کۆی 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران، نزیکەی 12 ملیاری ئازاد دەکرێت، بەڵام بەو مەرجەی پارەکە لە کڕینی خۆراک و دەرمان و پێدوایستییە مرۆییەکان خەرج بکرێت، دوای واژۆکردنەکەش دۆناڵد ترەمپ و دواتریش سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایانگەیاندووە، کە ئێران بە پارە ئازادکراوەکانی دەبێت کاڵا و پێداویستییەکان لە ئەمریکا بکڕێت.